رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە رایگەیاند کە بەرەبەیانی رۆژی هەینی، مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکانیان تێکشکاندووە کە ئاراستەی شاری ریازی پایتەختی سعودیە کرابوو؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئەو گرووپەوە 24 کەس لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، مووشەکەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ خراوەتە خوارەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتر سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سعودیە دوو درۆنی "میلیشیا تیرۆریستەکانی حووسی"ـیان تێکشکاندووە کە بەرەو ناوچەکانی باشووری وڵاتەکە ئاراستە کرابوون.
بەپێی ئامارەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی، تەنیا لە تشرینی یەکەمدا ئەو گرووپە زیاتر لە 14 مووشەکی بالیستی و 60 درۆنی بۆمبڕێژکراویان ئاراستەی خاکی سعودیە کردووە کە ناوچەکانی ریاز، خەمیس موشەیت، نەجران و تەنانەت شاری مەدینەشیان کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی راپۆرتە فەرمییەکانی حکومەتی سعودیە، هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی وزەی وڵاتەکە لەم مانگەدا، بووەتە هۆی کوژرانی 24 کەس و برینداربوونی لانیکەم 374 کەسی دیکە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز زۆرترین قوربانیی بەرکەوتووە؛ لە نێوان 7 بۆ 11ـی تشرینی یەکەمدا 18 کەس تێیدا کوژراون و زیاتر لە 333 کەسیش بریندار بوون. خوێناویترین هێرشیش لە 10ـی تشرینی یەکەم روویدا کاتێک مووشەکێکی بالیستی لە نێوان تێرمیناڵی سێ و چواری فڕۆکەخانەکەیدا و 13 کەسی کوشت.



