رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەو کوردانەی گەڕاونەتەوە عەفرین دڵخۆشن بەوەی لە سەر زێدی خۆیانن، بەڵام گەڕانەوەیان بە تەنیا بەس نییە و هێشتا کێشەی سەرەکییان نەبوونی سەرچاوەی بژێوی، نەبوونی رێگەوبانی گونجاو و کەموکوڕیی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک، لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى نووسینگەى رووداو لە نیو یۆرک سەبارەت بە دۆخی ئەو کوردانەی لە 2018 لە عەفرین و کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە گەڕەکەکانی حەلەب ئاوارە بوون، بێتانکوور ئاماژەی بەوە کرد:" لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا لە کاتی یەکەم سەردانی فەرمیی خۆیدا بۆ سووریا، لە عەفرین چاوی بە بەشێک لەو ئاوارانە کەوتووە کە گەڕاونەتەوە.
راپۆرتدەری نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئەوان دڵخۆشن گەڕاونەتەوە و هەست دەکەن ئەوێ ماڵی خۆیانە، بەڵام گەڕانەوەی فیزیکی بنەمایەکی گشتییە و بە تەنیا نابێتە چارەسەر؛ کاتێک لەگەڵیان کۆبوومەوە هەستم پێکرد هێشتا سەرچاوەی بژێوییان نییە و پێویستیی زۆریان بە رێگەوبان و خزمەتگوزاریی تەندروستی هەیە، رەنگە نەبوونی ئەم دەرفەتانەش هۆکاری سەرەکی بێت کە رێگرە لە بەردەم گەڕانەوەی ئەوانەی هێشتا لە ئاوارەییدا ماونەتەوە".
سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی دەسەڵاتداران، بێتانکوور باسی لەوە کرد، حکومەت هەوڵدەدات و دیدگایەکی هەیە بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەکان، بەڵام راسپاردەی سەرەکیی ئەو بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە دەبێت تێبگەن پرۆسەی گەڕانەوە زۆر لەوە فراوانترە کە تەنیا هێنانەوەی فیزیکیی خەڵک بێت بۆ ناوچەکانیان.
بێتانکوور لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا تیشکی خستە سەر پرسی مافە دەستووری و کەلتوورییەکان و رایگەیاند: "کورد پرسیاری ئەوەیان لا دروستبووە ئایا پرۆسەی تێکەڵکردنیان لە دەستوور و قۆناخی راگوزەریدا چۆن بەڕێوەدەچێت؛ هەروەها چۆن لە رووی کەلتووری، زمان، پرۆگرامی خوێندن و قوتابخانەکانەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، پێموایە پێویستە ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی پلەبەندی دەستپێبکات".
لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، بێتانکوور پێداگریی کرد لەوەى لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ خەڵکەکە هەستی بە کێشەی ئاسایش نەکردووە، و گوتی: "ناتوانم لە جیاتی ئەوانە قسە بکەم کە هێشتا نەگەڕاونەتەوە، بەڵام ئەوانەی چاوم پێیان کەوت گەشبینن، پێشنیاری زۆریان هەیە، دەیانەوێت شوێنێکیان لە گفتوگۆکاندا هەبێت و دەنگیان ببیسترێت. بە گشتی گەورەترین کێشەی ئەوان بژێوی و نەبوونی وەڵامدانەوەیەکی گشتگیرە بۆ کێشەکانیان".
پاولا گاڤیریا بێتانکوور کە پارێزەرێکی کۆڵۆمبی و شارەزای بواری ئاوارەبوونە، پێشتر وەک راوێژکاری سەرۆککۆماری کۆڵۆمبیا بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ کاری کردووە؛ هاوکات لە 2022 لەلایەن ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک راپۆرتدەری تایبەت بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە ناوخۆییەکان دەستنیشان کرا و لە 10 تاوەکو 21ی تەمووزی ئەمساڵیش سەردانی سووریای کرد.
دۆسیەی ئاوارەبوونی خەڵکی عەفرین بۆ سەرەتای 2018 دەگەڕێتەوە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی نزیکی تورکیا، زیاتر لە 300 هەزار کورد کە زۆرینەی رەهای دانیشتووانی ناوچەکەیان پێکدەهێنا، ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبێڵن و بەرەو کەمپەکانی ناوچەی شەهبا، دەوروبەری حەلەب و شارەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان ئاوارە بوون.
لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵان بەسەر ئاوارەبوونەکەدا، دۆخی ئەو خێزانە کوردییانەی لەم دواییانەدا بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان داوە رووبەڕووی دەیان ئاستەنگی مرۆیی و ئابووریی سەخت بووەتەوە؛ لەوانە وێرانبوونی ژێرخانی سەرەکی، نەبوونی کارەبا و ئاوی خواردنەوە، پەککەوتنی نەخۆشخانەکان و نەبوونی رێگەوبانی گونجاو.


