رووداو دیجیتاڵ
یاسادانەرانی پارتی دیموکرات لە کۆنگرێسی ئەمریکا خۆیان بۆ دەستپێکردنی زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی فراوان لەگەڵ ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ئامادە دەکەن، بە مەرجێک لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی مانگی تشرینی دووەمدا زۆرینەی کۆنگرێس بەدەستبێنن؛ هەنگاوێک کە پشکنینی ورد بۆ گرێبەستە فیدراڵییەکان، کۆمپانیاکانی و رۆڵی مەسک لە حکومەتدا لەخۆدەگرێ.
لیستی ئەو کەیسانەی دیموکراتەکان دەیانەوێ لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکەن رۆژ دوای رۆژ درێژتر دەبێت، کە دیارترینیان رۆڵی مەسکە لە خاوکردنەوەی خزمەتگوزاریی ستارلینک بۆ سوپای ئۆکراینا. لەو چوارچێوەیەدا زۆی لۆفگرین، ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی زانست و بۆشایی ئاسمانی کۆنگرێس، پێداگری لەسەر بوونی "بەریەککەوتنی بێشوماری بەرژەوەندییەکان" کرد، بەهۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی مەسک وەک سپەیس ئێکس و تێسلا، ملیاران دۆلار لە گرێبەست و یارمەتیی دارایی لە حکومەتی فیدراڵی وەردەگرن و لەم نێوەندەدا حکومەت لە بەرژەوەندى کۆمپانیاکان بڕیاردەدات.
لیژنەی سەرپەرشتی و لێپرسینەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران پلانی هەیە لێکۆڵینەوە لە دەستوەردانەکانی مەسک لە کاتی بەڕێوەبردنی دەستەی کارایی حکومەت بکات، بەتایبەت لەبارەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی زیاتر لە 250,000 هەلی کار لە حکومەتی فیدراڵی، دەستبەسەرداگرتنی پارەی پەسندکراوی کۆنگرێس و دەستگەیشتن بە زانیارییە هەستیارەکانی حکومەت.
گرێگ میکس، ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، رێگە بە کەس نادەن رێگری لە چاودێریی کۆنگرێس بکات و گوتی: "دەبێت کۆنگرێس داوای لێپرسینەوەی تەواو لەو زیانانە بکات کە مەسک و دۆج دروستیان کردووە"، ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی نەمانی کاری ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا (USAID) لە ئامانجە سەرەکییەکانی لیژنەکەیان دەبێت بۆ لێپێچینەوە لە ساڵی داهاتوودا.
مەسک بە زمانێکی تووند وەڵامی دیموکراتەکان دەداتەوە
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەی کۆنگرێسدا، ئیلۆن مەسک لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە زمانێکی هەڕەشەئامێز وەڵامی دایەوە و پەندێکی مێژوویی هێنایەوە: "ئەوەی بە شمشێر بژی، بە شمشێریش دەمرێ".
مەسک لە پەیامەکەیدا هۆشداریی دایە نەیارەکانی و نووسیویەتی: "ئەوانەی شەڕم پێدەفرۆشن، پێویستە تێبگەن کە ئەوەى لە پشت پەردەوە دەزووی یارییەکە دەجووڵێنێت دەدۆزمەوە و راستەوخۆ دەچمە سەری، نەوەک تەنیا بووکەڵەکانی دەستی...".
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی کار لەسەر دانانی کەتی بەیلی دەکات وەک بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و کۆنگرێس بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆخی دوای هەڵبژاردنەکان، بەتایبەت ئەگەر دیموکراتەکان کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەنەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، سیاسەتەکانی ترەمپ لەسەر دۆسیەی ئۆکراینا نیگەرانیی قووڵی تەنانەت لە نێو یاسادانەرانی پارتی کۆماریشدا دروستکردووە، لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ باشتر دەکات.
هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا کە بڕیارە لە 3ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەبچن، لە چارەنووسسازترین وێستگە سیاسییەکانی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەبن. لەم پرۆسەیەدا تەواوی 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و یەک لەسەر سێی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیران (سێنات) دەخرێنە دەنگدانەوە.
بۆ پارتی دیموکرات، بردنەوەی زۆرینە لە هەر کام لە دوو ئەنجوومەنەکەدا مانای گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵاتە لە واشنتن و دەستپێکردنی قۆناخێکی تووندی چاودێری و لێپێچینەوەیە.



