رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، بەهۆی باوەڕی بە پرەنسیپەکانی پارتی کۆماری و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پشێوییانەی لە ئەورووپادا روودەدەن، زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس خەرج دەکات.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ) ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، ئەم هەڵبژاردنی نیوەی خول گرنگترین هەڵبژاردنە لە مێژووی ئەمریکادا و گوتیشی، تاوەکو رۆژی دەنگدان زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار خەرجکراوە لە بوارەکانی ریکلام، پەیوەندیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ دەنگدەران، رێکخستنی گردبوونەوەی جەماوەری، بەکرێگرتنی هۆڵ و گۆڕەپانەکان، پرۆگرامەکانی هاندانی خەڵک بۆ دەنگدان و پاراستنی پاکوخاوێنیی پرۆسەی هەڵبژاردن.
ترەمپ پێداگری لەوە کرد کە ئەم هەنگاوەی بە شکۆیەکی گەورە دەزانێت لە پێناو پارتی کۆماریدا، کە بە گوتەی ئەو، توانیویەتی "وڵات لە لێواری لەنێوچوون بگەڕێنێتەوە".
ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا دروشمە سەرەکییەکەی دووپاتکردەوە و بە دەنگدەرانی گوت: "ئەمریکا جارێکی دیکە مەزن بکەنەوە".
هەڵبژاردنی نیوەی خول لە ئەمریکا لە 3ی تشرینی دووەمی 2026دا بەڕێوەدەچێت، تێیدا کێبڕکێ لەسەر 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و یەک لەسەر سێی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیران دەکرێ.
ئەم هەڵبژاردنە وەک تاقیکردنەوەیەکی گەورەی جەماوەری بۆ دوو ساڵی یەکەمی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دادەنرێ. بەدەستهێنان یان لەدەستدانی زۆرینەی کۆنگرێس کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سیاسەتی ئیدارەکەی دەبێت بۆ پەسندکردنی بودجە، یاساکانی کۆچبەری، باج و دانانی دادوەرە فیدراڵییەکان.
بەستنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بە رووداوەکانی ئەورووپاوە لەلایەن ترەمپەوە، بەشێکە لە گوتاری سیاسیی کۆمارییەکان کە هۆشداری دەدەن لە هەژموونی بزووتنەوە چەپ و سۆسیالیست و کۆچبەرەکان لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵات.
.jpg&w=3840&q=75)


