رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی تووندی کردە سەر ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و رایگەیاند کە نایەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و وڵاتەکەی بەرەو لەنێوچوون دەبات؛ هاوکات رەخنەی لە سیاسەتی کۆچبەریی فەرەنسا گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە پاریس خەریکە دەبێتە شارێکی ئیسلامی. سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە خۆپێشاندان و گرژییەکانی ئەم دواییەی فەرەنسا، رەخنەی لە سیاسەتی کراوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا گرت بەرامبەر بە کۆچبەران و گوتی: "ئیمانوێل هاوڕێمە. زۆر لە مێژە پێمگوت، ئێوە لە فەرەنسا هەڵەیەکی گەورە دەکەن؛ ئێوە رێگە بە هەموو کەس دەدەن لە هەر شوێنێکی جیهانەوە بێت بێتە نێو وڵاتەکەتانەوە. دنیا هەمووی دەچووە فەرەنسا." ترەمپ هۆشداریشی دا و گوتی: "وەکو خۆتان دەزانن، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا پاریس دەبێتە شارێکی موسڵمان. نەدەبوو بەو شێوەیە بێت. بە ئیمانوێلم گوت پێویستە سنوورەکانتان دابخەن. 8 – 9 ساڵە دەیناسم و هەر کە چاوم پێی کەوت، ئەم شتانەم پێگوت... ئێمە سنوورەکانی خۆمانمان داخستن، بەڵام ئەو نەیکرد؛ کێشە لە سنوورەکانیدایە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ بە تووندی رەخنەی لە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی گرت و بە هۆکاری بەردەوامیی جەنگی رووسیا و ئۆکراینای زانی: "راشکاوانە قسە بکەم، زیلینسکی یارمەتیدەر نییە. پێموایە ئەو نایەوێت جەنگ بوەستێنێت؛ بەڵام من نامەوێت مردنی خەڵک ببینم. پێدەچێت مانگانە 25 هەزار بۆ 35 هەزار سەرباز لەدەست بدەن... مانگی رابردوو 32 هەزار بوون؛ نامەوێت 32 هەزار سەرباز بمرن." سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە ئۆکراینا بەرەو لەدەستدانی تەواوی پیاوەکانی دەچێت و گوتی: "ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بەم وڵاتەوە نییە [مەبەستی ئەمریکایە]، بەڵام لە روانگەیەکی مرۆییەوە قسە دەکەم. ئۆکراینا ژمارەیەکی یەکجار زۆری سەربازانی لەدەستدەدات. خەریکە هەموو پیاوەکانی لەدەست دەدات. ئەو شەوە سەیری ژنێکم کرد لەسەر تەلەڤزیۆن قسەی دەکرد، گلەیی لە زیلینسکی دەکرد و دەیگوت، زیلینسکی هەموو پیاوەکانمان دەکوژێت." ترەمپ زیلینسکی بە "نەشارەزا" ناوبرد و پێشنیازی گۆڕینی کرد بۆ دانوستاندنەکانی ئاشتی: "زیلینسکی نازانێت باسی چی دەکات. پێویست بوو زیلینسکی زۆر لە مێژە ئەم جەنگەی چارەسەر کردبا. ئەگەر بە گوێی منی کردبا، ئەوا لەمێژە دەیتوانی رێککەوتنێکی باشتر بکات و ژیانی ملیۆنێک کەسی وڵاتەکەی رزگار کردبا. راشکاو بم لەگەڵتان، پێموایە ئیدی کاتی هاتووە کەسێکی دیکە بە نوێنەرایەتیی ئۆکراینا دانوستاندن بکات." سەبارەت بە دۆسیەی ئێران و هەڵوێستی وڵاتانی زلهێز، ترەمپ ستایشی بێدەنگیی رووسیا و چینی کرد و گوتی: "دەکرا رووسیا زۆر یارمەتیی ئێران بدات، بەڵام رووسیا کارێکی زۆر کەمی بۆ ئێران کرد. چین بە هەمانشێوە، دەکرا چینیش زۆر زیاتر یارمەتیی ئێران بدات، بەڵام نەیکرد. منیش ئەمە لەبیر ناکەم... کاتێک دەبینم چین و رووسیا بەو جۆرە کەم هاوکارییان کردوون، من ئەمە بە شتێکی زۆر ئەرێنی دەبینم."