رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی جۆرجیا، باسی لە بەربڵاویی ناوی (محەممەد) لەنێو موسڵماناندا کرد.
رۆژی هەینی لە شاری داڵتنی ویلایەتی جۆرجیا، ترەمپ لەنێو ئەندام و لایەنگرانی پارتی کۆماری قسەی کرد و گوتی: "دەزانن، ئەگەر گومانت لە ناوی کەسێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبوو، تەنیا پێی بڵێ 'محەممەد'، بە رێژەی 65% ناوەکە راست دەردەچێ. چەندین ساڵە بەم جۆرە دەکەم و تاوەکو ئێستاش هەڵەم نەکردووە".
ژمارەی دانیشتووانی جیهان نزیکەی 8.3 ملیار کەسە کە موسوڵمانان 23% تاوەکو 25%ی پێک دەهێنن. محەممەد لەنێو موسوڵماناندا باوترین ناوە، ئەوەش بەهۆی خۆشەویستی موسوڵمانانەوە بۆ محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د. خ).
ترەمپ لەبارەی ئێرانیش قسەی کرد و گوتی: "ئێران تەنیا وڵاتێکە کە کەس نایەوێ ببێتە سەرۆکی"، ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەشی زۆری سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی کوژران.
سەرۆکی ئەمریکا پێداگری کرد کە ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات؛ باسی لەوەش کرد، ئامانجی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی وڵاتەکەیشی بۆسەر ئێران هەر ئەوە بوو.
ئەم بانگەشانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی نیوەی وەرزی کۆنگرێسە کە رۆژی 3-11-2026 بەڕێوەدەچێ و ئەنجامی راپرسییەکانیش زیاتر لە بەرژەوەندی دیموکراتەکاندایە.



