رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی ساکاپولاس لە گواتیمالا، رووداوێکی سەرسوڕهێنەر و دەگمەن روویدا؛ کچێکی تەمەن 15 ساڵان بە ناوی "یولەیدی" دوای ئەوەی خێزانەکەی پێیانوابوو گیانی لەدەستداوە، بۆ ماوەی هەشت کاژێر لە نێو تابووتدا مایەوە، بەڵام لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ناشتنەکەیدا بە هۆش خۆی هاتەوە.
چیرۆکەکە چۆن روویدا:
لە بەرەبەیانی زووی رۆژی 10ی تشرینی یەکەم، باری تەندروستیی یولەیدی تێکچوو و تووشی ئازارێکی زۆر تووند بوو لە سنگیدا.
باوکی بە پەلە کچەکەی سواری ئۆتۆمبێل کرد تاوەکو بیگەیێنێتە نەخۆشخانە؛ بەڵام لە رێگادا کاتێک سەیری کچەکەی کرد، هەستی کرد دڵی لێ نادات و هەناسەش ناداتی. لەبەر ئەوەی باوەڕی وابوو کچەکەی لە دەستداوە، بۆیە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە.
خێزانەکەی دەستیان بە ئامادەکاریی رێوڕەسمی پرسە و بەخاکسپاردن کرد؛ یولەیدییان خستە نێو تابووتەوە و خزم و کەسوکار بۆ ماڵئاوایی کۆبوونەوە.
دوای ئەوەی یولەیدی نزیکەی هەشت کاژێر لە نێو تابووتەکەدا مابووەوە، بەر لەوەی بە خاکی بسپێرن، بەشداربووان هەستیان بە جووڵەیەک کرد لە نێو تابووتەکەوە. کاتێک لێی نزیک بوونەوە، بینییان کچەکە دەجووڵێتەوە. باوکی دەستبەجێ لە نێو تابووتەکە دەریهێنا.
یولەیدی دوای بەئاگاهاتنەوەی ئاماژەی بەوە کرد، دوایین شت کە پێش لەهۆشچوونی لە بیری مابێت تەنیا ئەو ئازارە تووندە بووە کە لە سنگیدا دروستی کردووە و هیچ شتێکی دیکەی لە یاد نەماوە؛ تەنیا کاتێک لە رووداوەکە تێگەیشتووە کە خێزانەکەی بۆیان گێڕاوەتەوە چی روویداوە. ئەو هەروەها سوپاسی دایک و باوک و هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لەو کاتەدا خەمی ئەویان خواردووە.
بەپێی رۆژنامەی پرێنسا لیبرێی گواتیمالی، کچەکە پێشتر لەلایەن هیچ پزیشکێکەوە بە فەرمی مردنی رانەگەیێندرابوو، لەبەر ئەوەش تەندروستیی لەو هەشت کاژێرەی نێو تابووتەکەدا بە تەواوی نادیارە.


