رووداو دیجیتاڵ
ئێسک و بەبەردبووی گیانەوەرێک کە لە 1924ـەوە لەنێو سندووقێکدا لە مۆزەخانەیەکی بەریتانیا هەڵگیرابوو، دەرکەوت داینەسۆرێکی تەمەن 120 ملیۆن ساڵەیە، زانایان دەڵێن باڵای هەر هێندەی مرۆڤێکی ئێستا بووە و لە ئەورووپا ژیاوە.
لەگەڵ ئەوەی نەتوانراوە رەگەزی داینەسۆرەکە ئاشکرا بکرێت، بەڵام توێژەران ناویان لێناوە: ژنە جەنگاوەرەکە - Invictibellatrix Amberina.
بەبەردبووی داینەسۆرەکە 102 ساڵ لەمەوبەر لە دوورگەی (Isle of Wight) لە خوارووی بەریتانیا دۆزراوەتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، داینەسۆرەکە ئاژەڵێکی گۆشتخۆری چنگ درێژ بووە.
ئەنجامی پشکنین و توێژینەوەکە لە گۆڤاری (Royal Society Open Science) بڵاوکراوەتەوە.
ئەم داینەسۆرە سەر بە گرووپی megaraptorans - دزە گەورەکان پۆلێن کراوە کە خزمایەتیی نزیکیان لەگەڵ گرووپی بەنێوبانگی Tyrannosaurus rex - پاشای مارمێلکە خوێنڕێژەکان هەیە، بەڵام سەریان باریکتر بووە و لەبری شەویلگەکانیان، بە قۆڵە گەورە و چنگە زەبەلاحە چەماوەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر نێچیرەکانیان.
دکتۆر کاسیۆس مۆریسۆن لە زانکۆی کۆلێژی لەندەن (UCL) رایگەیاند، ئەوە "نهێنییەکی گەورەیە" کە بۆچی ئەو بەبەردبووە - کە پارچەیەکە لە بەشی دواوەی کاسەی سەر - لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتیدا پشتگوێ خراوە و سەرنجی نەدراوەتێ.
بەبەردبووەکە لە بنەڕەتدا لە قەدپاڵێک لە کەناراوەکانی باشووری رۆژئاوای دوورگەی وایت لەلایەن زانایەکی بواری بەبەردبووەکانەوە بە ناوی رێجیناڵد واڵتەر توولی دۆزرایەوە و لە ساڵی 1924دا لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتی دانرا.
داینەسۆرە نوێیەکە Invictibellatrix یەکێکە لە بچووکترین و کۆنترینەکانی ئەو گرووپە کە دۆزرابێتەوە و لە نزیکەی 120 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاوە.

توێژەران پێیان وایە درێژییەکەی سێ بۆ چوار مەتر بووە و باڵاشی کەمێک زیاتر بووە لە مەتر و نیوێک، واتە نزیکەی بە قەد باڵای مرۆڤێک بووە.
پێدەچێت پەڕی هەبووبێت و رەنگە درێژیی چنگەکانیشی 10 بۆ 20 سانتیمەتر بووبێت.
هەروەها دایناسۆرە بچووکەکان، مارمێلکە و مەمکدارەکانی خواردووە و لە زنجیرەی خۆراکدا رۆڵێکی هاوشێوەی کەمتیاری ئەمڕۆی گێڕاوە.
مێگاراپتۆرەکان بە پڕنهێنیترین دایناسۆرە گۆشتخۆرە گەورەکان دادەنرێن، چونکە بەبەردبووی زۆر کەمی مێگاراپتۆرەکان دۆزراونەتەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ مێگاراپتۆرێک لە ئەورووپا نەدۆزرابووەوە.
دکتۆر کاسیۆس مۆریسۆن، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە گوتی: "ئەوە نهێنییەکی گەورەیە کە ئەم بەبەردبووە بۆ ماوەیەکی هێندە درێژ پشتگوێ خراوە و بۆ نزیکەی 100 ساڵ لەناو چەکمەجەیەکدا ماوەتەوە."
توێژەران پشکنینی سی تی سکانیان بۆ بەردبووەکە ئەنجامدا، و مۆدێلێکی سێ رەهەندییان بۆ ئەم بەشەی کاسەی سەرەکە دروست کرد.
ئەوان بەردبووەکەیان بەراورد کرد بە کاسەی سەر و مێشکی تایرەنۆسۆرەکان، سپاینۆسۆرەکان، راپتۆرەکان و دایناسۆرە گۆشتخۆرە دوو قاچییەکانی دیکە.

هەروەها تیمی توێژینەوەکە مۆدێلی بیرکارییان بەکارهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە چۆن بڵاوبوونەوەی مێگاراپتۆرەکان لە سەرتاسەری جیهاندا بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە، ئەمەش بە پشتبەستن بەو بەردبووانەی تاوەکو ئێستا دۆزراونەتەوە، شێوازی پەرەسەندنی دایناسۆرەکان، جوگرافیا و ئاووهەوا.
ئەمە یەکێک بوو لەو زیاتر لە 1000 نموونەیەی کە لەلایەن توولییەوە دۆزراونەتەوە و دوای مردنی لەلایەن مۆزەخانەی مێژووی سروشتییەوە بەدەست هێنراون.
پرۆفیسۆر پۆڵ بارێت، نووسەری باڵای توێژینەوەکە لە مۆزەخانەی مێژووی سروشتی، گوتی: "سەرەڕای زیاتر لە 200 ساڵ لە کۆکردنەوە، دوورگەی وایت بەردەوامە لە سەرسامکردنمان بە جۆرە نوێیەکانی داینەسۆر."
توێژینەوەکە روونی نەکردووەتەوە کە بۆچی پێدەچێت مێگاراپتۆرەکان لە باکوور لەناوچووبن، بەڵام رەنگە ئەمە دەرئەنجامی گۆڕانکاری لە ئاووهەوا بووبێت، یان بەهۆی بوونی ئاژەڵە گۆشتخۆرە رکابەرەکانی وەک تایرەنۆسۆرەکانی دیکەوە بووبێت.



