رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئامادەیە فەرمانی لێخۆشبوونی سەرۆکایەتی بۆ دۆست و هاوپەیمانەکانی دەربکات، هەروەها هەڕەشەی ڤیتۆکردنی هەر پڕۆژەیاسایەکی دیموکراتەکانی کرد. ئەم لێدوانەش تەنیا یەک رۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس دێت کە مەترسی هەیە کۆمارییەکان زۆرینە لەدەستبدەن.
ترەمپ لە پۆدکاستێکی رۆژنامەی نیویۆرک پۆستدا باسی لە پلانەکانی دوای هەڵبژاردن کرد و رایگەیاند، دەسەڵاتی لێخۆشبوون بە فراوانی بۆ لایەنگر و نزیکەکانی بەکاردەهێنێت.
بەپێی راپرسییەکان، ئەگەر دیموکراتەکان یەکێک یان هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس کۆنتڕۆڵ بکەن، دەسەڵاتی تەواویان دەبێت بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئیدارەی ترەمپ، هەروەها دەتوانن پڕۆژەیاسای دڵخوازی خۆیان تێپەڕێنن، بەڵام ترەمپ جەختی کردەوە کە هەر بڕیارێکی کۆنگرێسی نوێی بەدڵ نەبێت، دەستبەجێ ڤیتۆی دەکات.
لە پۆدکاستەکەدا کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا کە ئایا لێخۆشبوون بۆ هەموو ئەو کەسانە دەردەکات لەگەڵیدا کاریان کردووە؟ لە وەڵامدا گوتی: "تەنانەت بیریشی لێ ناکەمەوە، دەیکەم. هەر وەک چۆن بۆ بەشداربووانی 6ـی کانوونی دووەمیش کردم"، بە ئاماژەدان بەو لایەنگرانەی لە سەرەتای ساڵی 2021 هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس، کە ترەمپ لە ساڵی 2025 و لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونەوەیدا لێخۆشبوونی بۆ نزیکەی هەزار و 500 کەسیان دەرکرد.
لە بەشێکی دیکەی پۆدکاستەکەدا، باس لە ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان کرا، کە لە سەرەتای ئەم ئیدارەیە هەزاران فەرمانبەری حکومەتی لەسەر کار لادا، پێشکەشکارەکە گوتی ئەگەری هەیە دیموکراتەکان هەوڵی دەستگیرکردنی مەسک بدەن، بەڵام ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "ئەمە قسەیە، بەڵام ئەگەر وابێت، ئەوا دەبێت بیانپارێزین."
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دیموکراتەکان لە کۆنگرێسدا، ترەمپ گوتی: "دەبمە مستەر ڤیتۆ". روونیشیکردەوە کە یاساکانی ئەوان رەتدەکاتەوە تاوەکو دوای مانگێک یان دوو مانگ، دیموکراتەکان ناچار دەبن بێنە لای و رێککەوتنی لەگەڵدا بکەن.
بەپێی یاسای ئەمریکا، کۆنگرێس تەنیا ئەو کاتە دەتوانێت ڤیتۆی سەرۆک بشکێنێت کە دەنگی دوو لەسەر سێی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران بەدەستبهێنێت، ئەمەش ئەرکێکی زۆر سەخت دەبێت بۆ دیموکراتەکان.



