رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە دیمەشق، رۆژی سێشەممە چوار ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە نێوەڕاستی سووریا لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر کاراونێکی گەڕۆکیان کوژران.
سۆلین حەمەد ئەمین، پەیامنێری رووداو لە دیمەشق رایگەیاند، ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لەسەر رێگەیەک کە دەچێتەوە سەر شاری سەلمییە، لە دووریی 30 کیلۆمەتر لە شاری حەما لە نێوەڕاستی سووریا، لەلایەن "کەسانی نەناسراوەوە" کراونەتە ئامانج و کوژراون.
سەرەڕای گەڕانەوەی سەقامگیرییەک بۆ سووریا دوای رووخانی دەسەڵاتی پێشوو لە کۆتایی ساڵی 2024، هێشتا هەندێک تووندی لە وڵاتەکە روودەدات و دەسەڵاتداران جاروبار باسی هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان دەکەن.
رێکخراوی داعش، کە پێشتر دەستی بەسەر رووبەرێکی فراوان لە عێراق و سووریادا گرتبوو، تاوەکو لە ساڵی 2019دا لە دوایین مۆڵگەی خۆی لە سووریا تێکشکێنرا، بەرپرسیارێتیی بەشێک لەو هێرشانەت لە ئەستۆ گرتووە.



