رووداو دیجیتاڵ
دادگاییکردنی ژنێکی ئەمریکی لە شاری نیویۆرک دەستیپێکرد. ژنەکە تۆمەتبارە بە ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش و وەرگرتنی مەشقی سەربازی لە سووریا.
حەلیمە سەلمان، تەمەن 27 ساڵ، رۆژی سێشەممە لە دادگای فیدراڵیی بروکلین ئامادە بوو. بەپێی تۆمارەکانی دادگا، حەلیمە تۆمەتبارە بەوەی لە 18 ساڵیدا مەشقی سەربازی لەلایەن داعشەوە پێکراوە.
داواکاری گشتی لە دۆسیەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، حەلیمە لە کۆتاییەکانی 2016 یان سەرەتای 2017 چووەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سووریا. لە بەڵگەنامەکانی دادگادا هاتووە: "حەلیمە لە تەمەنی 18 ساڵیدا و کاتێک لە سووریا بووە، مەشقی بەکارهێنانی چەکی پێکراوە؛" هەروەها لەو ماوەیەدا هاوژینی لەگەڵ چەکدارێکی ئەڵمانی-ئەفغانیی داعش بە ناوی (ئەبو عەلی) کردووە.
لە سەرەتای 2019 ساڵی حەلیمە لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە دەستبەسەر کرا و لە کەمپێکدا هێڵدرایەوە تاوەکو ساڵی 2024، کاتێک گەڕێندرایەوە بۆ ئەمریکا و لەوێ دەستبەجێ دەستگیر کرا.
لە بەرامبەردا، پارێزەری حەلیمە لە دانیشتنی دادگادا گوتی، حەلیمە "قوربانییە" و کاتێک منداڵ بووە لەلایەن زڕباوکییەوە براوەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.
پارێزەرەکە باسی لەوە کرد، زڕباوکەکە سەرەتا تەواوی خێزانەکەی (دایکی حەلیمە، هەشت خوشکی حەلیمە و براکەی) بردووەتە تورکیا و دواتر بەبێ ئەوەی حەلیمە ئاگاداری بیروباوەڕی ئەو پیاوە بێت، سنووریان بەزاندووە و چوونەتە نێو شارۆچکەیەکی ژێر دەسەڵاتی داعش.
چارەنووسی ژنان و منداڵانی چەکدارانی بیانیی داعش تاوەکو ئێستاش کێشەیەکی چارەسەرنەکراوە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا، بەوپێیەی زۆربەی وڵاتان ئامادە نین هاووڵاتیانی پێشوویان وەربگرنەوە و وڵاتینامەیان لێ دەسەننەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

