رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ، بەدواداچوون بۆ ئەو راپۆرتانە دەکەن کە باس لە دروستبوونی ئاڵۆزیی پارێزگای حەسەکە لە سووریا دەکەن.
لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بەو رووداوانەی ئەمڕۆ لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان روویاندا، ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ئەو راپۆرتە تایبەتەی نەبینیوە، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکات.
دوجاریک گوتی، پاراستنی سەلامەتیی پێکهاتەکان لە هەر وڵاتێکدا پرسێکی گرنگە، "ئینجا لە سووریا بێت یان لە هەر وڵاتێکی دیکە کە کەمینەی بەرچاوی تێدایە، بەتایبەتی ئەوانەی ئایین و زمانی جیاوازیان هەیە، زۆر گرنگە ئەندامانی کەمایەتییەکان سەلامەت بن، پارێزراو بن و هەست بکەن بەشێکن لە کۆی گشتی، لە کاتێکدا ناسنامە تایبەتییەکەی خۆیان دەپارێزن."
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش دا کە دۆخی پاراستنی مافی پێکهاتەکان پرسێک نییە کە تەنیا سکرتێری گشتی باسی کردبێت، بەڵکو لایەنی دیکەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم بابەتەیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریادا باسكردووە.
ئەمڕۆ دوای نوێژی هەینی، دانیشتووانی گەڕەکی (تل حەجەر) لە شاری حەسەکە، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریاوە داوای چەسپاندنی تەواوەتیی دەسەڵاتی حکومەتی عەرەبیی سووریایان کرد لە ناوچەکە، بەڵام زۆری نەبرد خۆپیشاندانەکە ئاڵۆزی تێکەوت و هەوڵدرا بچنە نێو گەڕەکەکانی دیکە کە دانیشتووانەکەی کوردن، بەڵام هێزە ئەمنیەکان رێگەیان نەدان.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان":
رووداو: سوپاس ستیفان. سەبارەت بە سووریا، وا دیارە ئاڵۆزی لەنێوان کورد و عەرەب لە پارێزگای حەسەکە لە زیادبووندایە. چەند ڤیدیۆیەک نیشانیدەدەن چەکداری عەرەب بە ئاڵای سووریاوە سواری ماتۆڕسکیل بوون و بەنێو گەڕەکە کوردنشینەکاندا دەگەڕێن و درووشمی دژە کورد دەڵێنەوە. رۆژنامەنووسان لە سوریاوە دەڵێن ئەمە ترسی لەنێو کورد بڵاو کردوەتەوە کە رەنگە هێرشیان بکرێتە سەر. دەمەوێ بزانم ئایا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا راپۆرتی لەسەر ئەمە پێتان داوە؟ هەروەها پەیامی سکرتێری گشتی بۆ سەرۆک شەرع چییە، کە چەند جارێک لەگەڵیدا کۆبووەتەتەوە، سەبارەت بە پاراستنی کورد؟
ستیفان دوجاریک: ئەو راپۆرتە تایبەتانەم نەبینیون. بەدوایاندا دەچین. بێگومان، ئینجا لە سووریا بێت یان لە هەر وڵاتێکی دیکە کە کەمینەی بەرچاوی تێدایە، بەتایبەتی ئەو کەمینانەی ئایین و زمانی جیاوازیان هەیە. گرنگە ئەندامانی کەمایەتییەکان سەلامەت بن، پارێزراو بن و هەست بکەن بەشێکن لە کۆی گشتی، لە کاتێکدا ناسنامە تایبەتییەکەی خۆیان دەپارێزن. هەڵبەتە ئەمە پرسێکە نەوەک تەنیا سکرتێری گشتی، بەڵکو کەسانی دیکەش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریادا باسیان کردووە.



