رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، ئۆکراینا رووسیای تۆمەتبار کرد بە بەئامانجگرتنی مەبەستی هاووڵاتییانی سڤیل، ئەوەش دوای ئەوەی لە هێرشێکدا بۆ سەر دوو پاس لە شاری کراماتۆرسک لە هێڵی پێشەوەی جەنگ 30 کەس کوژران، کە بە یەکێک لە کوشندەترین هێرشەکانی ئەم چەند هەفتەیەی دوایی دادەندرێت.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بەڵێنیدا کە ئەو هێرشە "بێ وەڵام نابێت"، دوای ئەوەی بەرپرسانی ناوچەکە وێنەی پاسە سووتاوەکانیان بڵاوکردەوە کە تەرم و پارچەی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر شەقامەکە پەرشوبڵاو ببوون.
زیلینسکی لە تێلیگرام نووسیویەتی، "رووسیا هەوڵدەدات ژیان لە ناوچەی دۆنباس لەناوببات و دەبێت جیهان وەڵامی ئەمە بداتەوە." هەروەها هۆشداریشیدا لەوەی کە رەنگە ژمارەی قوربانییان بەرزبێتەوە.
لە کاتێکدا شەڕەکە پێدەنێتە پێنجەمین ساڵییەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی چەقبەستوویی ئێستای بەرەکانی جەنگ "زۆر مەترسیدارە" و دەکرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان.
لەلایەکی دیکەوە زیلینسکی پشتڕاستیکردەوە، شاندێکی دانوستانکاری ئۆکراینا بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەی رۆژانی هەینی و شەممە لەگەڵ تیمی ئەمریکی کۆببنەوە. گوتیشی: "ئێمە چاوەڕێین تیمێکی ئەورووپیش پەیوەندی بە گرووپی دانوستاندنکارانمانەوە بکات."
هێرشەکانی کراماتۆرسک تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێن کە لە هێرشێکی مووشەکیی رووسیادا بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری پریلوکی لە باکووری ناوچەی چێرنیگیڤ، 22 کەس کوژران کە پێنجیان منداڵی بچووک بوون.
رووسیا ناوچەی دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، ناوچەکە بووەتە چەقی شەڕەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆسکۆ نەیتوانیوە شاری کراماتۆرسک کۆنترۆڵ بکات.
بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکانی هەردوولا، نیگەرانییەکان لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییە سڤیلەکان روو لە زیادبوونن. نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی زیاتر لە 17 هەزار هاووڵاتیی سڤیلی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام پێیوایە ژمارەی راستەقینە زۆر لەوە زیاترە.
هەفتەی رابردوو زیلینکسی رایگەیاند کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، بڕیاری هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکان داوە، بەڵام کرێملین ئەمە رەتدەکاتەوە.



