رووداو دیجیتاڵ
زوهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک رایگەیاند کە داوا لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات فەرمان بە کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی دەزگای کۆچ و گومرگ لە شارەکەی بکات؛ ئەمەش دوای ئەوەی تەقەکردنی ئەو هێزە فیدراڵییە لە هاووڵاتییەک لە کاتی هەڵمەتی دەستگیرکردنی کۆچبەراندا، گرژی و خۆپێشاندانی بەرفراوانی لێکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی نیویۆرک، پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لە گەڕەکی ماربڵ هیڵ لە ناوچەی برۆنکس، پیاوێک لە کاتی دروستبوونی گرژی لەگەڵ بریکارە فیدراڵییەکاندا تەقەی لێکراوە. دواتر مەمدانی و پۆلیس پشتڕاستیان کردەوە کە رووداوەکە لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای گۆچ و گومرگدا بووە کە بەرپرسە لە جێبەجێکردنی هەڵمەتە تووندەکانی ترەمپ بۆ دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران.
پاساوی هێزە فیدراڵییەکان چییە؟
گوتەبێژی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی لە راگەیێندراوێکدا روونیکردەوە کە بریکارەکانیان هەوڵی "دەستگیرکردنی کۆچبەرێکی نایاسایی تاوانکاری خەڵکی کۆماری دۆمینیکانیان داوە، کە پێشتر سزای دزیکردنی گەورەی بەسەردا سەپێندراوە و چەندین جاری دیکەش بە تۆمەتی هێرشکردن، دزیکردن، هەڵگرتنی ماددەی هۆشبەر و چەک دەستگیرکراوە."
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە چەند ئەفسەر تەقەیان کردووە یان هۆکاری تەقەکردنەکە چی بووە، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئەفسەرەکانی دەزگای کۆچ و گومرگ دەستبەجێ فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ بریندارەکە کردووە و ئێستا لە ژیاندا ماوە و لە نەخۆشخانەیەکی ناوچەکە چارەسەر وەردەگرێت."
"منداڵێکی 5 ساڵان لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە"
زوهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانی کە سەر بە پارتی دیموکراتەکانە، ئاشکرای کرد کاتێک هێزەکان تەقەیان لەو پیاوە کردووە، منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە.
مەمدانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئەمە دۆخێکی یەکجار مەترسیدار و قبووڵنەکراوە. پەیوەندیم بە سەرۆک ترەمپەوە کردووە و داوای لێدەکەم کۆتایی بە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای کۆچ و گومرگ لە شارەکەماندا بهێنێت. من دەستەوستان ناوەستم لە کاتێکدا بریکارەکانی ئەم دەزگایە تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگەکەماندا بڵاودەکەنەوە."
هەرچەندە ترەمپ پێش دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی شارەوانی رەخنەی تووندی لە مەمدانی دەگرت، بەڵام لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەیەوە، پەیوەندییەکی تا رادەیەک ئەرێنی لە نێوانیاندا دروستبووە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە سەدان کەس بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەڵمەتەکانی ترەمپ دژی کۆچبەران لە شوێنی رووداوەکە کۆبوونەوە، دواتریش بەرەو ئەو نەخۆشخانەیە رۆیشتن کە بریندارەکەی تێدا چارەسەر دەکرا. گرژی لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران دروستبوو کاتێک هەندێکیان هەوڵیان دا رێگری لە دەرچوونی ئۆتۆمبێلەکان بکەن لە نەخۆشخانەکە، بەڵام دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دوورخرانەوە.
دەزگای کۆچ و گومرگی ئەمریکا لەمساڵدا تێوەگلاوە لە چەندین رووداوی تەقەکردن، لەنێویاندا کوشتنی دوو هاووڵاتیی ئەمریکی لە شاری مینیاپلس کە خۆپێشاندانی گەورەی لێکەوتەوە. شاری نیویۆرک کە قەڵایەکی بەهێزی دیموکراتەکانە، یەکێکە لەو شارانەی ئەمریکا کە بە یاسا رێگری لە پۆلیسی خۆجێیی دەکات هاوکاریی هێزە فیدراڵییەکان بکات لە دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەراندا.



