رووداو دیجیتاڵ
دوو گەنجی خەڵکی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان و کارکردن روویان لە ئەرمینیا کردبوو، لە کاتی کارکردندا لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە کەوتنە خوارەوە و دەستبەجێ گیانیان لەدەست دا.
هاونیشتمانییەک لە کرماشان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو گەنجی خەڵکی کرماشان کە بە مەبەستی کارکردن چووبوونە ئەرمینیا، لە کاتی کارکردنیان لە پڕۆژەیەکی بیناسازیدا، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی گیانیان لەدەستداوە."
بەپێی زانیارییەکان، قوربانییەکان ناویان (حوسێن موقوفەیی) خەڵکی شاری کرماشان و (حەمید رەزایی) خەڵکی شاری سەنقەرە لە پارێزگای کرماشان؛ ئەو دوو گەنجە کوردە لەگەڵ کرێکارێکی ئەرمەنیدا پێکەوە کەوتوونەتە خوارەوە و هەر سێکیان لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.
بەهۆی قەیرانی قووڵی ئابووری، دابەزینی مێژوویی بەهای تمەن و نەبوونی هەلی کار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە هەزاران گەنج و کاسبکار ناچار دەبن روو لە وڵاتانی دراوسێ لەوانە ئەرمینیا، تورکیا و عێراق بکەن بۆ کارکردنی رۆژانە بەبێ بوونی بیمە و مەرجەکانی سەلامەتیی کار.




