رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، خەڵاتی نۆبڵی کیمیا بە هاوبەشی بەخشرایە هەردوو زانا هێنری کاگن، تەمەن 95 ساڵ لە فەرەنسا و کێنسۆ سۆوای، تەمەن 76 ساڵ لە ژاپۆن، کە توانیویانە نهێنییەکی زانستیی 100 ساڵ لەمەوبەر چارەسەر بکەن و شۆڕشێک لە پیشەسازیی دروستکردنی دەرماندا دروست بکەن.
نهێنییەکە چی بوو؟
بۆ ئەوەی بە سادەیی تێبگەین، دەستەکانی خۆت بهێنە پێش چاوت:
دەستی چەپ و دەستی راستت لە رووکەشدا تەواو هاوشێوەن، رێک وەک وێنەدانەوەی یەکدی وان. بەڵام لە راستیدا ناتوانیت دەستکێشی دەستی راست بکەیتە دەستی چەپت، چونکە ئاراستەکەیان پێچەوانەی یەکە.
لەنێو خانەکانی جەستە و گەردیلە کیمیاییەکانیشدا هەمان شت هەیە. کاتێک لە تاقیگەدا ماددەیەک دروست دەکرێت، هەردوو شێوەکەی (دەستی چەپ و دەستی راست) پێکەوە بەرهەمدێن.
جەستەی مرۆڤ سەیرە: خانەکانی لەشی ئێمە تەنیا یەکێک لەم دوو شێوەیە دەناسنەوە و بەکاری دەهێنن. بۆ ماوەی زیاتر لە 100 ساڵ بوو زانایان نەیاندەزانی چۆن و بۆچی سروشت بە تەنیا یەک جۆریان هەڵدەبژێرێت.
نموونەی کلیل و قفڵەکە: بۆچی ئەم بابەتە مەترسیدارە؟
ئەکادیمیای نۆبڵ لە راگەیێندراوێکی جیاوازدا بابەتەکەی بە کلیل و قفڵ چواندووە:
"وا دابنێ وەستایەک کلیل دروست دەکات، بەڵام هەر کاتێک کلیلێک لێدەدات، دوو دانەی هاوشێوە بەڵام پێچەوانەی یەکدی دروست دەبن؛ تەنیا یەکێکیان قفڵەکە دەکاتەوە، ئەوی دیکەیان ئەگەر بیخەیتە نێو قفڵەکەوە دەیشکێنێت."
کارەساتی دەرمانی تالیدۆماید (لە پەنجاکانی سەتەی رابردوو):
گەورەترین نموونەی مەترسیی ئەم کلیلە هەڵەیە لە مێژوودا، دەرمانی تالیدۆماید بوو کە بۆ ژنانی دووگیان بەکارهات. دەرکەوت یەکێک لە وێنە ئاوێنەییەکانی دەرمانەکە چارەسەری دڵتێکەڵهاتنی دەکرد، بەڵام وێنە پێچەوانەکەی تەنیشتی لە نێو دەرمانەکەدا، بووە هۆی ئەوەی هەزاران منداڵ بە کەمئەندامی و شێواوی لەدایک ببن. لەبەر ئەوە زۆر گرنگ بوو زانایان بزانن چۆن تەنیا ئەو بەشە باشەی دەرمانەکە بەرهەمبهێنن بەبێ وێنە زیانبەخشەکەی تەنیشتی.
ئەم دوو زانایە چییان کرد؟
هێنری کاگن لە ساڵانی هەشتاکان رێگەیەکی نوێی دۆزییەوە بۆ دەستکاریکردنی کارلێکە کیمیاییەکان، تاوەکو بتوانێت بڕی یەکێک لە وێنە ئاوێنەییەکان لە ئەوی دیکە زیاتر بکات.
کێنسۆ سۆوای لە ساڵانی 1995 و 2003 هەنگاوێکی گەورەتری هاوێشت و کارلێکێکی کیمیایی ئەفسوناوی داهێنا کە بە ناوی خۆیەوە ناونراوە کارلێکی سۆوای - Soai reaction بە جۆرێک کە ماددە کیمیاییەکە خۆی وا لە خۆی دەکات تەنیا ئەو وەشانە بەرهەمبهێنێت کە پزیشک یان زاناکە دەیەوێت، بێ ئەوەی وێنە زیانبەخشەکەی تەنیشتی دروست بێت.
ئەکادیمیای نۆبڵ ئەم تاقیکردنەوەیەی بە "یەکێک لە جوانترین و شاکارترین تاقیکردنەوە کیمیاییەکانی مێژوو" ناو بردووە.
کاردانەوەکان
پڕۆفیسۆر سۆوای لە کاتی کڕینی سەوزە و پێداویستیی ماڵەوە بووە کاتێک پەیوەندیی پێوەکراوە و پێی راگەیێندراوە کە خەڵاتەکەی بردووەتەوە و گوتی، زۆر دڵخۆشە کە لەگەڵ هاوپیشە فەرەنسییەکەی ئەم رێزەی پێبەخشراوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی لە هێنری کاگن کرد و ئەم سەرکەوتنەی بە "سەرچاوەیەکی گەورەی شانازی بۆ وڵات" ناوبرد.



