رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا قەرزێکی مەرجداری بە گوژمەی تاوەکو 1.5 ملیار دۆلار پێشکێش بە کۆمپانیای وۆڵف سپید (Wolfspeed) کردووە، بە مەبەستی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئەو چیپە پێشکەوتووانەی کە لە درۆن، رادار، جەنگی ئەلیکترۆنی و سیستمی بەرگریی مووشەکیدا بەکاردەهێنرێن.
ئەم قەرزە پێشنیازکراوە، کە بۆ ماوەی 30 ساڵە و لە رێگەی نووسینگەی سەرمایەی ستراتیژیی سەر بە وەزارەتەکەوە راگەیێندراوە، پشتیوانی لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی تەکنەلۆجیای نیمچەگەیەنەرەکانی کاربایدی سلیکۆن (SiC) و نیتریدی گالیۆم (GaN) دەکات. ئەم ماددانە لە سیستمە کارەباییە بەهێزەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی شەپۆلی رادیۆییدا بەکاردەهێنرێن.
پلانی کۆمپانیاکە و بەکارهێنانی سەربازی
کۆمپانیای وۆڵف سپید، کە بنکەکەی لە ویلایەتی کارۆلینای باکوورە، پلانی هەیە ئەم بودجەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نیتریدی گالیۆم بۆ سیستمەکانی پەیوەندیی نەوەی نوێ و جەنگی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنێت. هەروەها کار لەسەر پەرەپێدانی مۆدێلی بەرگەگری تیشکدانەوە بۆ ئامێرەکانی دەکات، کە بۆ مانگە دەستکردەکان، کەشتییە ئاسمانییەکان و ئەو سیستمە سەربازییانەی لە ژینگەی سەختدا کار دەکەن زۆر پێویستن.
بەپێی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، ئەم وەبەرهێنانە دەستگەیشتنی سوپا بە کەرەستەی نیمچەگەیەنەرە پێشکەوتووەکان لە نێوخۆی ئەمریکادا بەهێزتر دەکات، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سیستمەکانی مووشەک، چەکەکانی وزەی ئاراستەکراو، درۆن، رادار و سیستمی بەرگریدا بەکاردێن.
ستراتیژی ترەمپ بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی چیپ
ئەم هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی چیپە ئەلیکترۆنییەکان لە نێوخۆی ئەمریکادا و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وڵاتانی دەرەوە بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆجیا ستراتیجییە هەستیارەکان.
مەرجەکانی رێککەوتنەکە و پشکی پێنتاگۆن
لەگەڵ ئەوەشدا، رێککەوتنەکە مەرجدارە و بە تەواوی یەکلانەبووەتەوە. بەپێی رێککەوتنەکە، وەزارەتی جەنگ مافی ئەوەی دەبێت لە بەرامبەر دابینکردنی قۆناخ بە قۆناخی پارەکەدا، تاوەکو 7.5%ـی پشکەکانی کۆمپانیاکە بکڕێتەوە، هاوکات کۆمپانیاکەش هۆشداریی داوە کە هێشتا رێککەوتنی کۆتایی واژۆ نەکراوە.



