رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا بۆ یەکەمجار لە ژێردەریاییەکی ئەتۆمییەوە مووشەکی بالیستیی نوێی جۆری (ئێم 51.3)ـی بە سەرکەوتوویی تاقیکردەوە، کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیی هەیە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئەم تاقیکردنەوەیە متمانەپێکراویی هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی فەرەنسا دەسەلمێنێت.
رۆژی سێشەممە 06-10-2026، وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا بڵاویکردەوە، مووشەکەکە کە جۆرێکی پێشکەوتووی مووشەکی ئێم51ـە و هیچ کڵاوەیەکی ئەتۆمیی هەڵنەگرتبوو، لە ژێردەریایی )لۆ ڤیجیلانت( لە کەناراوەکانی (بریتانی) هەڵدراوە و "لە باکووری زەریای ئەتڵەسی، بە دووریی سەدان کیلۆمەتر لە هەر کەناراوێکەوە" کەوتووەتە خوارەوە.
ماکرۆن لەناو کەشتیی جەنگیی )ئۆڤێرن)ـی فەرەنسییەوە سەیری هەڵدانی مووشەکەکەی کرد، هەروەها ڤیدیۆیەکی لە ئێکس بڵاوکردەوە، تێیدا مووشەکەکە بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە.
ماکرۆن لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "بۆ ئەوەی ئازاد بیت، دەبێت لێت بترسن. بۆ ئەوەی لێشت بترسن، دەبێت بەهێز بیت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم سەرکەوتنە تەکنیکییە زیاتر متمانەپێکراویی هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیمان دەسەلمێنێت، کە مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن مسۆگەر کراوە."
وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا رایگەیاند، هەڵدانی مووشەکەکە بەبێ کڵاوەی ئەتۆمی بووە و "بەتەواوی لەگەڵ پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی فەرەنسادا یەکدەگرێتەوە." هەروەها رایگەیاند، تاقیکردنەوەکە "جارێکی دیکە نایابیی ئەو تەکنەلۆژیا پێشکەوتووانە دەسەلمێنێت کە پیشەسازیی فەرەنسی لە بواری بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیدا بەکاریدەهێنێت."



