رووداو دیجیتاڵ
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، درۆنەکانی رووسیا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی دەریای رەش کەشتییەکی گواستنەوەی دانەوێڵەی سەر بە تورکیایان کردووەتە ئامانج؛ دەسەڵاتدارانی رۆمانیاش نقومبوونی کەشتییەکە و گیانلەدەستدانی دوو دەریاوانیان پشتڕاستکردەوە.
رۆژی دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، زیلینسکی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "هێرشێکی مەترسیدار لەلایەن دوو درۆنی رووسییەوە کرایە سەر کەشتییەکی سڤیل لەنێو ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کە گەنمەشامیی هەڵگرتبوو."
سەرۆکی ئۆکراینا روونیکردەوە، کەشتییەکە موڵکی تورکیایە و دەریاوانانی ئازەربایجانی و هیندی لەسەر بوون، هەروەها کاپتنی کەشتییەکە یەکێکە لە قوربانییەکان و لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی ناوخۆی رۆمانیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەشتیی بازرگانیی (رویاد مەمەدۆڤ) کە درێژییەکەی 139 مەترە، لە دووریی 30 میلی دەریایی لە بەندەری (سفانتو گیۆرگی)ی سەر بە رۆمانیا ئاگری گرتووە و نقوم بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کاژێر 11:00ـی بەیانی تیمەکانی پاسەوانیی کەناراوەکان ئاگادار کرانەوە کە کەشتییەکی بازرگانی ئاگری گرتووە. توانرا 11 ئەندامی تیمی کەشتییەکە رزگار بکرێن و تەرمی دوو کەسیش دۆزرانەوە."
بەهۆی بەکارهێنانی چڕی درۆن لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ئاسایشی کەشتیوانی لە دەریای رەش رووبەڕووی مەترسیی گەورە بووەتەوە. تورکیا کە دراوسێی هەردوو وڵاتە لەسەر ئەو دەریایە، چەندین جار نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە.
بەپێی ئاماری ژووری بازرگانیی دەریایی تورکیا، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە تاوەکو ئێستا، 226 کەشتیی مەدەنی و بازرگانی لە دەریای رەشدا کراونەتە ئامانج، کە زۆربەی هێرشەکانیش لەمساڵدا بوون.
سەرۆکی ئۆکراینا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی چەندین پێشنیازی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە خستووەتەڕوو و گوتیشی: "پێویستیمان بە گوشاری جیهانی هەیە تاوەکو ئاسایشی کەشتیوانی و گواستنەوەی خۆراک لە جیهاندا بپارێزرێت."



