رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشە پێچەوانەکانی سعودیە و حکومەتی یەمەن بۆ سەر حووسییەکان رایگەیاند، "هەموو شتێک باش بەڕێوەچووە." هاوکات ئاشکرای کرد کە بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران کراوەیە و پێشبینیش دەکات شەڕی ئەو وڵاتە زۆر بە خێرایی کۆتایی بێت.
رۆژی دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن پرسیارێکی ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتى، "بۆچوونتان چییە لەسەر هێرشی پێچەوانەی سعودیە و یەمەنییەکان بۆ سەر حووسییەکان؟" لە وەڵامدا دۆناڵد ترەمپ گوتی، "هەموو شتێک باش بەڕێوەچووە."
ترەمپ دواتر بۆ میدیاکانی دیکە هەمان بۆچوونی پشتڕاستکردەوە و سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە دەستیپێکردووە رایگەیاند، "هێرشی سعودیە و یەمەنییەکان بۆ سەر حوسییەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."
هێزەکانی حکومەتی یەمەن دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بە ئاراستەی سەنعای پایتەخت راگەیاندووە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، حکومەتی یەمەن ئاشکرای کرد، هێزەکانیان بە پاڵپشتیی سعودیە، کۆنترۆڵی کردەییی خۆیان بەسەر تەنگەی بابولمەندەبدا سەپاندووە، هاوکات ئاماژەی بەوە کردبوو، شەڕ و پێکدادان لەگەڵ چەکدارانی حووسی لە ناوچەکەدا بەردەوامە.
"جەنگەکە بە خێرایی کۆتایی دێت"
سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێگەی دیپلۆماسی هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە و گوتی، "من هەمیشە کراوەم بۆ دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران."
ترەمپ مژدەی کۆتاییهاتنی جەنگەکەی دا و گوتی: "شەڕ لەگەڵ ئێران زۆر بە خێرایی و بە شێوازێک لە شێوازەکان کۆتایی دێت."
"هەڕەشەیەکی دیاریکراو لەئارادا بوو"
سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر هەڕەشە ئەمنییەکانی ئەم دواییە و پاساوی بۆ کشانەوەی لەناکاوی بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی بەریتانیا هێناوەتەوە.
ترەمپ گوتی: "پێمانوایە هەڕەشەیەکی دیاریکراو لە ئارادا هەبوو کە پاڵی پێوەناین بۆمبهاوێژەکان لە بنکەیەکی بەریتانیا بکێشینەوە، ئێستاش ئەو فڕۆکانەمان بۆ شوێنێکی زۆر دوور گواستووەتەوە."
سەبارەت بە ئەگەری تێوەگلانی ئێران لە ناردنی درۆن بۆ سەر خاکی بەریتانیا، ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی، "ناتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە ئایا ئێران درۆنی ئاراستەی بەریتانیا کردووە یان نا، بەڵام ئەگەر شتێکی وای کردبێت، ئەوا باجێکی قورس دەدەن."
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمریکا بە فەرمی کشانەوەی سەرجەم بۆمبهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری (B-1) لە بنکەی ئاسمانیی (فێرفۆرد)ـی بەریتانیا پشتڕاستکردەوە؛ ئەمەش بەهۆی "مەترسییە نوێیەکانەوە" دێت بۆ سەر بنکەکە کە پێشتر لەلایەن واشنتنەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێندرا، هەرچەندە حکومەتی بەریتانیا جەخت لە سەلامەتیی بنکە سەربازییەکە دەکاتەوە.



