رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پۆلینی دامەزراوەی (تایمز هایەر ئیجیوکەیشن)ی بەریتانی، زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک بۆ یەکەمین جار چووەتە نێو ریزبەندیی باشترین 1000 زانکۆی جیهانەوە و لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
بەپێی ریزبەندییەکە کە 2 هەزار و 297 زانکۆ لە 118 وڵات و هەرێمی جیهاندا لەخۆدەگرێ، زانکۆی تیشک لە ئاستی جیهاندا کەوتووەتە نێو لیستی زانکۆکانی (801 - 1000)، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە کە زانکۆکانی عێراق تاوەکو ئێستا پێی گەیشتبن.
توێژینەوە و پێگەی نێودەوڵەتی
بە گوێرەی دامەزراوەکە، ئەنجامەکانی زانکۆی تیشک بەتایبەتی لە دوو بواردا زۆر باش بوون. یەکەمیان لە بواری "توێژینەوە" دا کە توانیویەتی 71.0 خاڵ بەدەستبێنێت. دووەمیشیان لە بواری "تێڕوانین و پێگەی نێودەوڵەتی"دا کە 67.7 خاڵی تۆمارکردووە.
زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک لە راگەیێندراوێکدا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی ستافی ئەکادیمی و کارگێڕی، توێژەران، خوێندکاران و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کرد و رایگەیاند، ئەم دەستکەوتە بەرهەمی هەوڵی بەکۆمەڵ و پابەندبوونی بەردەوامی زانکۆکەیە بە پەروەردەی باڵا و توێژینەوەی کاریگەر.
هەڵسەنگاندنەکە چۆن دەکرێت؟
کۆڤاری (تایمز هایر ئێجوکەیشن)ـی بەریتانی کە لە ساڵی 1971ـەوە دامەزراوە، بۆ دیاریکردنی ئاستی زانکۆکان پشت بە پێنج کۆڵەکەی سەرەکی دەبەستێت؛ ئەوانیش بریتین لە: کوالیتیی توێژینەوە (30٪) کە زۆرترین رێژەی پێدراوە و کاریگەریی توێژینەوەکان هەڵدەسەنگێنێت، ژینگەی فێرکردن (29.5٪) کە تایبەتە بە ناوبانگی ئەکادیمی و رێژەی مامۆستا بۆ خوێندکار، ژینگەی توێژینەوە (29٪) کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان و داهاتی توێژینەوەکان، هەروەها پێگەی نێودەوڵەتی (7.5٪) بۆ پێوانەکردنی رێژەی قوتابی و ستافی بیانی، لەگەڵ پەیوەندی بە پیشەسازییەوە (4٪) کە داهاتی زانکۆ لە کەرتی تایبەت و داهێنانە تۆمارکراوەکان هەژمار دەکات.
سیستمی نوێی ریزبەندییەکە
بۆ ریزبەندیی ساڵی 2027، دامەزراوەکە گۆڕانکاریی کردووە؛ تەنیا 300 زانکۆی یەکەم بە ژمارەی دروست پلەکانیان دیاری دەکرێت، بەڵام زانکۆکانی دوای ئەوان دەخرێنە نێو گرووپی فراوانترەوە. زانکۆی تیشک لەنێو ئەم سیستەمەدا توانیویەتی بچێتە نێو لیستی زانکۆکانی (801 - 1000).
ئەو زانکۆیانەشی کە ناتوانن مەرجە سەرەتاییەکان جێبەجێ بکەن (وەک بڵاوکردنەوەی لانیکەم هەزار توێژینەوەی باوەڕپێکراو لە ماوەی پێنج ساڵدا)، لە خوارەوەی لیستەکەدا دەمێننەوە بێ ئەوەی هیچ پلەیەکیان پێ بدرێت.
پێگەی زانکۆکانی دیکەی کوردستان و عێراق
بەپێی داتاکانی ریزبەندیی دامەزراوەی (تایمز)، جگە لە زانکۆی تیشک کە پلەی یەکەمی گرتووە، چەند زانکۆیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق توانیویانە بچنە نێو پۆلێنە جیهانییەکەوە، کە بەپێی ئاستەکان بەم شێوەیەی خوارەوە ریزبەندی کراون:
لە پلەی (1001 - 1200): زانکۆی زاخۆ و زانکۆی تەکنەلۆجیای عێراق (لە بەغدا).
لە پلەی (1201 - 1400): زانکۆکانی دهۆک و سلێمانی، لەگەڵ زانکۆکانی ئەنبار، زانکۆی موستەقبەل (پارێزگەی بابل) و زانکۆی ئیسلامی (پارێزگەی نەجەف).
لە پلەی (1401 - 1600): زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر.
لە پلەی (1601 - 1800): زانکۆی قاسم خەزرا لە پارێزگەی بابل.



