رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەرجەنتین بە سەرۆکایەتیی خاڤیێر میلای پرۆگرامێکی نوێی بۆ پێدانی وڵاتینامە لە بەرامبەر وەبەرهێناندا راگەیاند. پرۆگرامەکە رێگە بە هاووڵاتییانی بیانی دەدات لە بەرامبەر وەبەرهێنانی لانیکەم 350 هەزار دۆلاردا وڵاتینامەی ئەو وڵاتە بەدەستبێنن.
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی حکومەت، پرۆگرامەکە دوو بژاردەی بۆ بەدەستهێنانی وڵاتینامەی دیاریکردووە. یەکەمیان، بەخشینی بڕی 350 هەزار دۆلاری راستەوخۆ و نەگەڕاوەیە بۆ گەنجینەی دەوڵەت. دووەمیشیان، کڕینی بۆندێکی حکومییە بە بەهای 800 هەزار دۆلار کە بە تایبەتی بۆ ئەم مەبەستە دەردەکرێ. هاوکات هاوژین و منداڵانی هاووڵاتیە بیانییەکەش دەتوانن وڵاتینامە وەربگرن لە بەرامبەر پێدانی 100 هەزار دۆلار بۆ هاوژین و 25 هەزار دۆلار بۆ هەر منداڵێکی خوار 18 ساڵ.
وەزارەتی ئابووریی ئەرجەنتین رایگەیاند، ئەو داهاتەی لەم پرۆگرامەوە دەستدەکەوێ بۆ بەهێزکردنی دۆخی دارایی دەوڵەت بەکاردێ و سەرچاوەی دارایی سەرجەم پێشکێشکاران پشکنینی وردی ئەمنی و دارایی بۆ دەکرێ تاوەکو رێگری لە سپیکردەوەی پارە بکرێ.
سێیەم گەورەترین ئابووریی ئەمریکای لاتین بە دەست کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی بیانییەوە دەناڵێنێت. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، ساڵی رابردوو ئەرجەنتین تەنیا 3.134 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی بیانیی راکێشاوە، کە بەراورد ناکرێ بە بەرازیل (زیاتر لە 76 ملیار دۆلار) و مەکسیک (زیاتر لە 40 ملیار دۆلار).
ئەو هاووڵاتییەی وڵاتینامەی ئەرجەنتین وەردەگرێ، دەتوانێ پاسپۆرتەکەش بەدەستبێنێت.
پاسپۆرتی ئەرجەنتین لە رووی بەهێزییەوە بە یەکێک لە پاسپۆرتە بەنرخەکانی ئەمریکای لاتین و جیهان دادەنرێ. هەڵگرانی ئەو پاسپۆرتە دەتوانن بەبێ ڤیزە یان بە وەرگرتنی ڤیزە لە کاتی گەیشتندا، گەشت بۆ زیاتر لە 170 وڵات و ناوچەی جیهان بکەن، لە نێویاندا تەواوی وڵاتانی ناوچەی شنگن لە ئەورووپا، بەریتانیا، ژاپۆن و زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای باشوور، ئەمەش وادەکات داواکارییەکی زۆری لەسەر بێت لەلایەن وەبەرهێنەرانی جیهانەوە.



