رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە گوتارێکی پڕ لە جۆش و خرۆشدا لە بەردەم ئاڵایەکی زەبەلاحی ئەمریکا، پەنای بۆ دەقی ئینجیل برد و بە پشتبەستن بە دەقێکی پەڕتووکی یەشەعیا، بانگەوازێکی تووندی بۆ چەکدارکردن و هاندانی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی راگەیاند.
هێگسەس بە دەنگێکی بەرز گوتی، "بە هەمان هەستی بەشی شەشەمی پەڕتووکی یەشەعیا دەڵێم؛ پەروەردگارا، ئەوەتا من لێرەم، بمنێرە. بمنێرە بۆ شەڕی کۆتسوورەکان. بمنێرە بۆ شەڕی کۆمۆنیستەکان. بمنێرە بۆ شەڕی ئیسلامییەکان. بمنێرە."
مەبەست لە کۆتسوورەکان، سەربازانی بەریتانیایە کە لە سەردەمی شۆڕشی ئەمریکادا بە کۆتە سوورەکانیان دەناسرانەوە.
ئەم گوتارەی وەزیری جەنگی ئەمریکا بەشێکە لە گوتاری تایبەت بە "رەوشی هێزە چەکدارەکان" کە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بە ناوی "گەشتی بمنێرە" لەم چەند هەفتەیەی دواییدا لە چەندین ویلایەت دەستیپێکردووە. لە وێستگەکانی پێشووشدا، لەنێویاندا لە زانکۆی تێکساس ئەی ئەند ئێم بۆ خوێندکارانی کۆلێژی سەربازی و ئەندامانی پاسەوانی نیشتمانی، بە هەمان شێوە ئایەتی هەشتەمی لە بەشی شەشەمی پەڕتووکی یەشەعیای ("ئەوەتا من لێرەم، بمنێرە") بە 250 ساڵ لە مێژووی خزمەتی سەربازیی سوپای ئەمریکاوە بەستەوە.
هێگسەس ئەو دەقەی ئینجیلی وەک بڕبڕەی پشتی رۆحی جەنگاوەرانی ئەمریکا ناو برد؛ وەک هێمایەک بۆ نەوە لە دوای نەوەی ئەو سەربازانەی دەستی راستیان بەرزکردووەتەوە و بە خۆبەخشی رووبەڕووی دووژمنانی یەک لە دوای یەکی وڵاتەکەیان بوونەتەوە؛ لە سەربازانی کۆلۆنیالیستی بەریتانیاوە، بۆ کۆمۆنیستەکان لە سەردەمی جەنگی سارد، تاوەکو گرووپە چەکدارە ئیسلامیەکان لە سەردەمی ئەمڕۆدا.
وەزیری جەنگی ئەمریکا بەردەوام ئەم بانگەوازەی بە سوێندێکی پیرۆز بۆ دەستوور، خودا و نیشتمان بەستووەتەوە، هاوکات رەخنەگرانی نێو زانکۆ ناودارەکان و میدیاکانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە "هەرگیز لە سەربازان تێناگەن"، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی قوربانیدانی سەربازانەوە بە ئازادی دەژین.
هەروەها هێگسەس لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەو بابەتانەی لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە داکۆکییان لێدەکات، لەوانەش: رەتکردنەوەی "بیرۆکە لیبراڵییەکان"، جەختکردنەوە لەسەر کوشندەیی و بردنەوە وەک تاکە ئامانجی قبووڵکراوی سوپا، هەروەها بەهێزکردنی رۆڵی ئایین لە نێو ریزەکانی سوپادا، لەنێویاندا پلانی دامەزراندنی "نووسینگەی کاروباری ئایینی" کە راستەوخۆ پەیوەندی بە سەرکردایەتیی باڵای سەربازییەوە هەبێت.
رەخنە و کاردانەوەکان
بەکارهێنانی دەقە ئایینییەکان لەلایەن وەزیری جەنگی ئەمریکاوە کاردانەوە و رەخنەی تووندی بەدوای خۆیدا هێناوە. رەخنەگران دەڵێن دیدگای پەیامبەر یەشەعیا لە بنەڕەتدا بانگەوازێک بووە بۆ ئاگادارکردنەوەی گەلەکەی خۆی لە گەندەڵی، نەک دروشمێکی سەربازی بۆ هاندانی جەنگێکی پیرۆز دژی کۆمەڵێک دووژمنی مێژوویی و هاوچەرخ. هەندێک لە چاودێرانی ئایینیش ئەم گونجاندنەیان بە شێواندنی دەقە پیرۆزەکان ناوبردووە کە وڵات یان سوپا دەخاتە پێگەی خوداوە.
لە بەرامبەردا، لایەنگرانی هێگسەس ئەم زمانە بە شێوازێکی هاندەری راستەوخۆ دەبینن لەلایەن سەربازێکی دێرینی کریستیانەوە کە دەیەوێت سەرنجی تەواوی سوپا تەنیا لەسەر کاری جەنگاوەری بێت نەک لەسەر ململانێ کلتوورییەکان.
ڤیدیۆی گوتارەکەی هێگسەس بە سەدان هەزار بینەری لە ئینتەرنێتدا هەبووە و مشتومڕێکی گەورەی لەنێو رای گشتیدا دروستکردووە.



