رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی فەرماندەی سوپای پاسداران دەڵێت، بودجەی سەربازیی ئەمریکا 100 هێندەی بودجەی سەربازیی وڵاتەکەیەتی. دەشڵێت، ''واشنتن بە هاوکاریی ئیسرائیلیش لە جەنگ لەگەڵ ئێراندا سەرکەوتوو نەبوو.''
چوارشەممە 30-09-2026 محەممەدڕەزا نەقدی، راوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی باسی لە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد و رایگەیاند، بودجەی سەربازیی واشنتن 100 هێندەی بودجەی سەربازیی تارانە، ''بەڵام 48 ساڵە لە بەرامبەر ئێمەدا شکست دەهێنن.''
بە گوتەی محەممەدڕەزا نەقدی، ئەمریکا بۆ جەنگ لەگەڵ ئێران توانای سەربازیی ئیسرائیلیشی بەکارهێناوە کە ''بانگەشەی ئەوە دەکەن، چوارەم بەهێزترین سوپای جیهانیان هەیە، بەڵام 7 مانگە بەردەوامین لە بەرگری و ئەوانیش شکست دەهێنن.''
ئەو راوێژکارەی فەرماندەی سوپای پاسداران گوتیشی، ''ئێستا کاتی ئەوەیە ئەمریکا کە خۆی بە بەهێزترین سوپای جیهان دادەنێت، بۆ خەڵکەکەی خۆی روون بکاتەوە، بۆچی بەردەوام تووشی شکست دەبێت.
28ی شوبات بە هێرشێکی هاوبەش و فراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران جەنگی 40 رۆژە دەستیپێکرد کە لە یەکەم ساتەکاندا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییەکان کوژران.
ئێرانیش بە پاساوی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، دەستی بە هێرشی درۆنی و مووشەکیی فراوان کرد بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە. دواتر تەنگەی هورمزی داخست کە رێڕۆیەکی زۆر گرنگ بوو بۆ بازرگانیی نەوت و گاز و نزیکەی 20٪ی وزەی جیهان بەو تەنگەیەدا تێدەپەری.

.png&w=3840&q=75)

