رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو کاتی راگەیاندنی خەڵاتە بەناوبانگەکانی نۆبڵە. شارەزایان دەڵێن، لێژنەی دیاریکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمساڵ زۆر بە وریایی و لەسەرخۆ هەنگاو دەنێت، ئەوەش دوای ئەو هەڵمەتە بەهێزەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پار دەستیپێکردبوو بۆ ئەوەی خەڵاتەکەی پێبدرێت.
کێشەی ترەمپ و خەڵاتی نۆبڵ چی بوو؟
پار، ترەمپ بە ئاشکرا داوای دەکرد خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێببەخشرێت، ئەمەش لێژنە پێنج کەسییەکەی خستە ژێر گوشارێکی گەورەوە. دۆخەکە هەستیارتر بوو کاتێک کە براوەی خەڵاتەکە، ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ڤەنزوێلا دوای دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، مەدالیا زێڕینەکەی نۆبڵی خۆی پێشکێش بە ترەمپ کرد و گوتی ئەو شایستەیەتی.
پێشکێش کرا
کێ چانسی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی هەیە؟ (9ـی تشرینی یەکەم)
بۆ ئەوەی لێژنەکە خۆی لە کێشە و تووڕەیی ترەمپ بەدوور بگرێت، پێدەچێت ئەمساڵ کەس یان رێکخراوێک هەڵبژێرێت کە کەمترین ناکۆکیی لەسەر بێت:
• پاراستنی منداڵانی ئۆکراینا: بەهێزترین پێشبینی ئەوەیە خەڵاتەکە بە هاوبەشی بدرێتە رێکخراوی جیهانیی "Save the Children" و میکۆلا کولیبا، چالاکڤانی ئۆکراینی کە خەبات دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو منداڵە ئۆکراینییانەی بە زۆر بۆ رووسیا براون. ئەم هەڵبژاردنە میلانیا ترەمپی هاوسەری سەرۆکی ئەمریکاش دڵخۆش دەکات، کە پێشتر نامەی بۆ پووتین ناردبوو بۆ ئازادکردنی ئەو منداڵانە.
• تۆڕی فریاگوزاریی سوودان (ERR): تۆڕێکی گەورەی خۆبەخشان کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵک لە نێوان شەڕ و برسێتی لە سوودان.
• لێژنەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ): بەتایبەت دوای ئەوەی ساڵی 2025 خوێناویترین ساڵ بوو بۆ رۆژنامەڤانان لە جیهاندا. هەروەها وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتیش یەکێکە لە ئەگەرەکان وەک هێمایەکی ئاشتی.
بەڵام ئەگەر لێژنەکە بیەوێت بە تەواوی دژی ترەمپ بوەستێتەوە، رەنگە خەڵاتەکە بداتە فرانسیسکا ئەلبانیزی، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە فەلەستین، دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، یان پاپا لیۆی چواردەهەم.
خەڵاتی نۆبڵی وێژە (8ـی تشرینی یەکەم)
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ خەڵاتەکە بدرێتە نووسەرێکی ژن، رەنگە لە ئەمریکای لاتینەوە:
• سامەنتا شۆوێبلین، نووسەری ئەرجەنتینیی تەمەن 48 ساڵ.
• جامایکا کینکەید، نووسەری ئەمریکی، یان نووسەری بەناوبانگی چینی، کان سووی.
ئاکادیمیای سوێدی لە ساڵی 2018ـەوە هەوڵدەدات لە نەریتی کۆنی خۆی دەربچێت و زیاتر خەڵاتەکە بداتە نووسەرانی ژن و وڵاتانی دەرەوەی ئەورووپا.

.png&w=3840&q=75)

