رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەڵێت، رۆژی دووشەممەی رابردوو مارکۆ روبیوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای بەبنبەستگەیشتنی دانوستاندنەکان، فەرمانی کردووە کە دەبێت شاندی ئێران بۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەجێ خاکی ئەمریکا جێبهێڵێت.
هەرچەندە پێشبینی دەکرا نوێنەرانی ئێران هەر چۆنێک بێت بەم زووانە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەڵام ئەم هەنگاوەی روبیوو بە سەرزنشتکردن و هەڵوێستێکی دیپلۆماسیی یەکجار نائاسایی دادەنرێت کە دەریخست لە نێوەندی هەوڵە بێئاکامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بێمتمانەییەکی قووڵ لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.
نێوەندگیرە قەتەرییەکان هەوڵی زۆریان دابوو تاوەکو لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەستکەوتێکی دیپلۆماسی بەدەستبهێنن، بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ بەدی نەهات، بەو پێیەی هیچ لایەکیان ئامادە نەبوون سازش بکەن. یەکێک لەوانەی فەرمانی پێکرابوو نیویۆرک جێبهێڵێت، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بوو.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسێکی ئەمریکی لەبارەی هۆکاری بڕیارەکەوە گوتوویەتی: "وەزیر روبیوو ئەو شاندە ئێرانییەی دەرکرد کە مانەوەیان لە وڵاتەکە لە سنووری پێویست تێپەڕیبوو. کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتاییان هاتبوو، بۆیە کاتی ئەوە هاتبوو کە بڕۆن."
لە پشت پەردەوە چی روویدا؟
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە، کۆشکی سپی پێیوابوو دەکرێت درەنگانی رۆژەکە پێشکەوتنێک لە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێراندا بەدەستبێت؛ بەڵام تاوەکو پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ بە تەواوی روون بووەوە کە گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بنبەست.
بە گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە بە فەرمانی راستەوخۆی روبیوو، نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە نوێنەرایەتیی ئێرانی راگەیاندووە کە دەبێت شاندەکەی عێراقچی دەستبەجێ شاری نیویۆرک بەجێبهێڵن.
بەجێهێشتنی نیویۆرک و بەردەوامیی هەوڵەکان
چەند کاژێرێک دواتر، شاندە ئێرانییەکە لەگەڵ عێراقچیدا بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێکەوتن و لە کاژێر 01:20ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە بە گەشتێکی ئاسمانی لە نیویۆرکەوە بەرەو دەوحە فڕین. سەرچاوەیەکی دیکەش بە ئەکسیۆسی گوتووە، ئەمریکا داوای لە شاندی ئێران کردووە بڕۆن، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە هەر لە بنەڕەتدا کاتی گەشتەکەی عێراقچی بۆ تاران بۆ شەوی دووشەممە دیاریکرابوو.
سەرچاوەکانی ناوچەکە بە پێگە هەواڵییە ئەمریکییەکەیان راگەیاندووە، سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییە، نێوەندگیرە قەتەرییەکان بەردەوامن لە گەیاندنی پەیام بە هەردوولا سەبارەت بە پێشنیازەکان.
هاوکات رۆژی چوارشەممە کاتێک لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرا کە چۆن دەتوانێت لەگەڵ دەسەڵاتێکدا بگاتە رێککەوتن کە بە "شێت" ناوی دەبات، ترەمپ گوتی: "رەنگە بیانتەقێنمەوە. رەنگە تەقینەوەیان بەسەردا بهێنم. دەبێت ئەو بڕیارە بدەین؛ یان دەیانتەقێنینەوە یان رێککەوتن دەکەین، بەڵام کاتەکە نزیک دەبێتەوە..."



