رووداو دیجیتاڵ
ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "بەڵگەی زۆر بەهێز" هەن کە پێشانی دەدەن ئێران دەستی هەبووە لەو جووڵە گوماناوییەی کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە نزیک بنکەی ئاسمانیی فەیرفۆرد روویدا؛ ئەو بنکەیەی کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە جەنگی دژی ئێراندا بەکاردەهێنرێت. ئێران تۆمەتەکە رەت دەکاتەوە.
ئەمە یەکەمین جارە بەرپرسێکی باڵای بەریتانیا بە فەرمی باسی دەستێوەردانی ئێران لەو رووداوەدا بکات.
بێرنەم چی گوت؟
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە کەناڵی BBCـی راگەیاند: "ئاماژەی زۆر بەهێز هەن کە ئێران رۆڵی هەبووە لەو رووداوەدا کە لە کۆتایی هەفتەدا لە بنکەی فەیرفۆرد روویدا، بەڵام بێگومان لێکۆڵینەوەی پۆلیس هێشتا بەردەوامە و بابەتەکە ئاڵۆزە."
هەروەها بە کەناڵی سکای نیووزی گوت کە بەریتانیا ئێستا باوەڕی وایە تاران لە پشت ئەم رووداوەوە بووە.
وەڵامی ئێران چی بوو؟
باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن بە تووندی ئەم دەنگۆیانەی رەتکردەوە، هەروەها عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، بێرنەم "لە دەرگایەکی هەڵەی داوە" و تۆمەتی بێبنەما دەبەستێتەوە.
پێشهاتە سەیرەکانی نێو لێکۆڵینەوەکە
• هیچ تەقەمەنییەک نەدۆزراوەتەوە: پۆلیسی بەریتانیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دوای سێ رۆژ لە پشکنینی ورد، هیچ بۆمب و تەقەمەنییەکیان لە نێو ئەو سێ ڤانە سپییەدا نەدۆزیوەتەوە، بەڵکو تەنیا "بڕێک بەنزین" دۆزراوەتەوە.
• دەستگیرکراوەکان ئازاد کران: هەر پێنج هاووڵاتییە بەریتانییەکە کە بە گومانی تیرۆر لە شوێنی رووداوەکە دەستگیرکرابوون، بە کەفالەت ئازاد کران.
• پلانەکە چۆن ئاشکرا بوو؟ رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی بڵاویکردەوە کە هۆکاری ئاشکرابوونی ئەم رووداوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، یەکێک لەو پێنج گومانلێکراوە پێش دەستگیرکردنیان، خۆی بە نهێنی زانیاریی داوەتە پۆلیس و پلانەکەی ئاشکرا کردووە.
بۆچی ئەم بنکەیە هەستیارە؟
حکومەتی بەریتانیا مۆڵەتی بە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا دابوو لە بنکەی فەیرفۆردەوە هێرش بکەنە سەر پێگەکانی ئێران؛ ئەمەش تووڕەیی تارانی لێکەوتبووەوە کە پێشتر هۆشداریی دابووە لەندەن لەوەی خاکی خۆی بۆ هێرشکردنە سەری بەکارنەهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش پێشتر ئاماژەیان بەوە کردبوو کە وڵاتێکی بیانی لە پشت ئەو رووداوەوە بووە.



