رووداو دیجیتاڵ
پاش ئەوەی پارتەکەی زۆرینەی دەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بەدەستهێنا، پاشای مەغریب (فاتیمە زەهرا مەنسووری)ـی وەک یەکەمین ژنە سەرۆکوەزیران لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپارد.
دیوانی شاهانەی مەغریب بڵاویکردەوە، محەممەدی شەشەم، پاشای مەغریب رۆژی سێشەممە 29-09-2026 ئەو ژنە تەمەن 50 ساڵەی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپاردووە.
فاتیمە پێشتر وەزیری نیشتەجێکردن بووە و پارتی رەسەنایەتی و هاوچەرخی (PAM)ـی راستڕۆی میانڕۆ کە خۆی سەرکردایەتی دەکات، 97 کورسی لە کۆی 395 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستهێناوە، کە 31 کورسی لە نزیکترین رکابەری زیاترە. ئەمەش لە کاتێکدایە هەڵبژاردنەکە کەمترین رێژەی بەشداریکردنی لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا هەبووە.
فاتیمە زەهرا، کە هاوکات سەرۆکشارەوانیی مەراکیشە، وەرگرتنی ئەو پۆستەی بە رووداوێکی "مێژوویی" و جێگەی شانازی بۆ هەموو ژنانی مەغریب وەسفکرد.
مەنسووری گوتی، کاریان لەمڕۆوە دەستپێدەکات و پێش گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی، راوێژی نێوخۆیی لە پارتەکەیاندا دەکەن.
حکومەتی نوێی مەغریب رووبەڕووی چەندین کێشەی گەورە دەبێتەوە، لەوانە بێکاری، تێچووی ژیان و جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان کە کاریگەرییان لەسەر گەنجان هەیە. ئەمەش دوای ئەوە دێت، چەند هەفتەیەک پێشتر دەیان هەزار کۆچبەری گەنجی مەغریبی هەوڵی چوونە نێو ناوچەی سیوتای ئیسپانیایان دا، هەروەها پار بزووتنەوەیەکی گەنجان بۆ داواکردنی باشترکردنی تەندروستی و پەروەردە رژانە سەر شەقامەکان.
لە بەرامبەر ئەو کێشانەدا، پارتەکەی فاتیمە زەهرا بەڵێنی داوە گەشەی ئابووریی ساڵانە بۆ 5٪ بەرزبکاتەوە، هەڵاوسان بۆ 2٪ دابەزێنێت و لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا لانیکەم یەک ملیۆن هەلی کاری نوێ بڕەخسێنێت.
سەبارەت بە ئەنجامی پارتەکانی دیکەش، پارتی کۆبوونەوەی نیشتمانیی سەربەخۆکان (RNI) کە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی پێشوو دەکات، 66 کورسی بەدەستهێناوە و پارتی ئیستقلالی راستڕۆ بە 65 کورسی لە پلەی سێیەمدا دێت. پارتی داد و گەشەپێدانی ئیسلامیش (PJD) 54 کورسی بەدەستهێناوە، کە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021 کە تەنیا 13 کورسی هەبوو، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
عەبدولئیلا بنکیران، سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی پێشوو، ئەنجامەکەی وەک "سەرکەوتن" وەسفکردووە، بەڵام بەشداریکردنی لە هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتیی پارتەکەی فاتیمە زەهرا رەتکردووەتەوە و گوتوویەتی پرۆسەکە "ساختەکاریی تێکەوتووە،" بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بخاتەڕوو.
فاتیمە زەهرا لە ساڵی 2008ـەوە پەیوەندی بەو پارتەوە کردووە. ئەو هەروەها یەکەمین ژن بووە پۆستی سەرۆکشارەوانیی مەراکیش وەربگرێت کە لە ساڵی 2009 بەدەستی هێنا و لە 2021 جارێکی دیکە بۆ هەمان پۆست هەڵبژێردرایەوە.


