رووداو دیجیتاڵ
میدیایەکی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، ئەمریکا لە هەولێرەوە ئامێر و کارمەندەکانی دەگوازێتەوە، بەڵام بۆ پاراستنی نێردە و بنکە دیپلۆماسییەکانی، هەندێک لە هێزەکانی مارێنز و سیستمی بەرگری دەهێڵێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 30-09-2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریتی جۆرناڵی ئەمریکی راپۆرتێکی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا گوتوویانە: "هەندێک لە هێزەکانی مارێنزی ئەمریکی دەمێننەوە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان، لەگەڵ ئەو بەڵێندەرانەی کە بۆ پاراستنی فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 و تانکە دروستکراوەکانی ئەمریکا کاردەکەن."
ئەو بەرپرسانە روونیان کردەوە: "سوپا پێشتر سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی کشاندووەتەوە کە لە پارێزگای هەولێر جێگیرکرابوو."
بەرپرسەکان دەڵێن، سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران و میلیشیاکان، ئەگەری زۆرە ئەمریکا "بەرگرییە ئاسمانییەکانی دیکەی بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسووڵخانەی لە هەولێر چڕ بکاتەوە."
ئەم کشانەوە سەربازییەیە دوای رێککەوتنێکی نێوان ئیدارەی بایدن و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق دێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو ساڵی 2026. لەم بارەیەوە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی گوتی: "ئەمریکا بە روونی بە عێراقی راگەیاندووە، زۆر گرنگە سەروەریی خۆیان بپارێزن و رێگری بکەن لە هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوخۆی سنوورەکانیانەوە".
هەروەها راپۆرتەکە دەڵێت، بەرپرسێکی پێنتاگۆن گوتوویەتی، ئەمریکا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فەرمییەکانی دەهێنێت، "بەڵام تواناکانی هەواڵگری، چاودێری و تواناکانی دیکەی لە ناوچەکەدا پاراستووە، دەتوانرێت لە عێراق بەکاربهێنرێن."
ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن باسی لەوەش کرد، هێرشەکانی ئەم دواییە مووشەکی مەودا درێژ و درۆنیان تێدا بەکارهاتووە، "ئەمە ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنی مەترسیداری چەکەکانیان."
لەسەر ئاستی سەرۆکایەتییش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی تەممووزدا لە سەردانێکی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی گوتی: "پێموانییە چیدی پێویستمان بە هێزی سەربازی بێت لەوێ". ترەمپ هەروەها گوتی: "ئێمە پاڵەوانێکی نایابمان هەیە، پاڵەوانێکی نوێ، ئەو گەنجە و قۆزە".
زەیدی پێشتر رۆژی 30-09-2026ـی وەکو وادەی کۆتایی بۆ رادەستکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دیاریکردبوو و رایگەیاند: "هیچ پاساوێک بۆ مانەوەیان دوای 30ـی ئەیلوول نییە". بەڵام دواتر وادەکەی بۆ حوزەیرانی 2027 درێژ کردەوە.
جۆرناڵ دەڵێ، کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتائیب سەیدولشوهەدا (کە ئەمریکا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی کردووە) ئەو داوایەی رەتکردەوە و گوتوویەتی: "ئەم چەکانە بۆ سەروەریمانن، بۆ ئازادیمانن." فەرتووسی لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەغدا گوتوویەتی، چەککردنی زۆرەملێ لەلایەن حکومەتەوە "روونادات".
گرووپەکەی فەرتووسی و گرووپەکانی دیکە پۆستی باڵایان لە وەزارەتەکاندا هەیە، هەروەها دەیان کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، کە رۆڵیان هەبووە لە دیاریکردنی زەیدیدا لەو دانوستاندنانەی دوای هەڵبژاردنەکانی پار کران.
سەبارەت بەو پێگەیە فەرتووسی گوتی: "حکومەت دەرئەنجامێکە کە ئێمە بەشداربووین لە بەرهەمهێنانیدا."

