رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کۆچ و ئاسایشی ناوخۆ رایدەگەیێنێت، وەرچەرخانی سیاسەتی کۆچی ئەورووپا کاریگەریی هەبووە و کۆچی نایاسایی بە رێژەی 55٪ کەمیکردووە. سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی عێراق، هەرێمی کوردستان و سووریاش دەڵێت، "هێشتا هیچ رێککەوتنێک نییە."
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەڵمانیا، ماگنوس برونە، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کۆچ و ئاسایشی ناوخۆ رایگەیاند، ژمارەکانی کۆچی نایاسایی بەرەو کەمبوونەوە دەچن و پرۆسەی گەڕاندنەوەش باشتر کار دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی ئەورووپا بە یەک ئاراستە هەنگاو دەنێن و کار لەسەر ئەوە دەکەن کە ئاژانسی سنووریی ئەورووپا (فرۆنتێکس) باشتر پڕچەک بکەن بۆ ئەوەی خێراتر و نەرمتر کار بکات، تاوەکو رێگە لە کۆچی نایاسایی و قاچاخچییەکان بگیرێت و لە بەرامبەردا دەرفەت بۆ رێگا یاساییەکان بڕەخسێنرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بەوەی ئایا کۆچبەری عێراقی، هەرێمی کوردستان یان سووری دیپۆرت دەکرێنەوە، ماگنوس برونە گوتی: "هێشتا هیچ رێککەوتنێک نییە. گرووپێک لە وڵاتانی ئەندام هەن کە بیر لە دروستکردنی سەنتەرەکانی دیپۆرتکردنەوە دەکەنەوە. ئەگەری یاسایی ئێستا هەیە." سەبارەت بە سووریاش جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە تاوانباران دیپۆرت بکرێنەوە؛ یەکێتیی ئەورووپاش دەیەوێت یارمەتیدەر بێت بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە.
کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کۆچ و ئاسایشی ناوخۆ باسی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق کرد و گوتی، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک چاوی بە وەزیری دەرەوەی عێراق کەوتووە و رایگەیاند: "دەبێت قسە لەگەڵ یەکدی بکەین چونکە هەموومان هەمان ئامانجمان هەیە." ئامانجەکەش، وەک ئەو بەرپرسەی ئەورووپا باسی دەکات، وەستاندنی کۆچی نایاساییە بۆ ئەوەی خەڵک ئەو رێگا مەترسیدارانە نەگرنەبەر کە زۆرجار گیانیشیان تێدا لەدەستدەدەن، هەروەها هەنگاونانە بە یەک ئاراستە بۆ شەڕی دژی تیرۆر و تاوانی رێکخراو.
سەبارەت بە پرۆژەی دروستکردنی بنکەکانی گەڕاندنەوە (سەنتەرەکانی دیپۆرتکردنەوە) لە وڵاتانی سێیەم، ماگنوس برونە روونیکردەوە کە پێنج وڵاتی ئەندام یەکیان گرتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی سێیەم گفتوگۆ بکەن، بەڵام ئامادە نەبوو ناوی ئەو وڵاتانە ئاشکرا بکات چونکە "ئەوە لە ئەستۆی وڵاتانی ئەندامە کە دانوستاندنی لەسەر بکەن، رۆڵی یەکێتیی ئەورووپا تەنیا دانانی بنەما یاساییەکەیە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە پێشتر بڕیاری گەڕاندنەوەیان بۆ دەرچووە و گرنگە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران (UNHCR) و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) چاودێری پرۆسەکە بکەن بۆ پاراستنی ستانداردەکان و مافەکانی مرۆڤ.
لەسەر کۆبوونەوەکەی میونشن تایبەت بە پرسی کۆچبەران، برونە ئاماژەی بەوە کرد کە لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری فەرمی نەدراوە چونکە دەسەڵاتی فەرمی نەبووە، بەڵام هەمووان هاوڕابوون و بە یەک ئاراستە کاریان کردووە بۆ کەمکردنەوەی زیاتری کۆچی نایاسایی و جێبەجێکردنی پەیماننامەی مافی پەنابەری، رێسای گەڕاندنەوە و چەمکەکانی وڵاتی سێیەمی سەلامەت.
دووەمین لووتکەی میونشن بۆ کۆچ لە 26ـی ئەیلوولی 2026، وەزیرانی ناوخۆی ئەورووپا و بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپای کۆکردەوە بۆ تاوتوێکردن و تووندترکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان. بابەتە سەرەکییەکان بریتی بوون لە بەهێزکردنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، خێراکردنی دیپۆرتکردنەوەکان و دامەزراندنی ناوەندەکانی گەڕاندنەوە لەو وڵاتانەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا نین.



.jpg&w=3840&q=75)