رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، مۆسکۆ پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکان لە سووریا هەیە و هەمیشە ئامادەیە هاوکارییان بکات، بەڵام رەخنەی لە گۆڕانی هەڵوێستیان گرت بەپێی مانەوە یان کشانەوەی ئەمریکا.
رۆژی شەممە 26-09-2026، نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک پرسیاری لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کرد سەبارەت بە هەڵوێستی مۆسکۆ بۆ پاراستنی مافەکانی زمان، کولتوور و سیاسیی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا.
لە وەڵامدا سێرگی لاڤرۆڤ گوتی: "ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ نزیکەی هەموو بزووتنەوە کوردییەکاندا هەیە، لەنێویاندا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)."
لاڤرۆڤ باسی کاریگەریی هەڵوێستەکانی ئەمریکای کرد و گوتی: "هەموو جارێک کە ئەوان رووبەڕووی جۆرێک لە قەیران دەبنەوە و پشتیوانیی ئەمریکا لەدەست دەدەن، وەک یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ کە بڕیاری کشانەوەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دا، دەستبەجێ روویان لە ئێمە کرد بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەو پرۆسانە. بەڵام کاتێک ئەمریکییەکان گەڕانەوە و سەرلەنوێ پشتیوانییان بەدەستهێنایەوە، ئارەزووی خۆیان بۆ ئێمە لەدەستدا."
لاڤرۆڤ هەروەها گوتی، رووسیا هەمیشە ئامادەیە هاوکاری پێشکێش بکات، بەڵام رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەسەدە و دیمەشقی بە "بڕیاری سەروەریی ئەوان" وەسفکرد کە بە ئارەزووی خۆیان واژۆیان لەسەر بەڵگەنامەیەک لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیدا کردووە.
وەزیری دەرەوەی رووسیا رەتیکردەوە زمانی کوردی لە سووریا قەدەخە کرابێت و گوتی: "ئەوە هەرگیز راست نییە، ئەمە وەک رژێمی ئۆکراینا نییە کە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی-نازی جێبەجێ دەکات."
لاڤرۆڤ دەرگەی گفتوگۆی بەڕووی کورددا بە کراوەیی هێشتەوە و رایگەیاند: "ئەگەر هەر ئارەزوویەک هەبێت لەلایەن ئەو گرووپانەوە کە رووسیا رۆڵێک بگێڕێت، ئێمە ئامادەین گوێ بگرین لەبارەی ئەوەی کە بەدیاریکراوی رەنگە پێویستییان بە چی بێت."
دەقی پرسیار و وەڵام
رووداو:
"سوپاس جەنابی وەزیر بۆ بەردەوامیدان بەو نەریتەی کە لەگەڵ میدیای سەرتاسەری جیهاندا دەدوێی. من نامۆ عەبدوڵڵام لە تۆڕی میدیایی رووداو. مانگی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە رابەرایەتیی کورد لە سووریا کۆتایی هات، دوای ئەوەی بۆ زیاتر لە دەیەیەک لە کاردابوو. ئێستاش کورد لە سووریا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکانیان، هەروەها مافە سیاسییەکانیان لەنێو وڵاتەکەدا بپارێزن. رووسیاش لەمێژە خۆی وەک پشتیوانێکی مافەکانی کورد لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ناساندووە. من تەنیا دەمەوێت بپرسم ئایا لە کۆبوونەوەکانتان لەگەڵ هاوتا سووریاییەکانتان، گوشار دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا بۆ قۆناخی داهاتوو؟ سوپاس."
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا
"سەیرکە هاوکارە بەڕێزەکەم، ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ نزیکەی هەموو بزووتنەوە کوردییەکاندا هەیە، لەنێویاندا هێزەکانی سووریای دیموکرات. ئێمە دەزانین ئەم خەڵکانە کێن. ئێمە هەموو جارێک کە ئەوان رووبەڕووی جۆرێک لە قەیران دەبنەوە، کاتێک پشتیوانیی ئەمریکا لەدەست دەدەن – وەک نموونە لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، کاتێک رایگەیاند، لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکشێنەوە، دەستبەجێ هێزەکانی سووریای دیموکرات روویان لە ئێمە کرد و داوای یارمەتییان لێکردین بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەو پرۆسانە. دواتر، ئەمریکییەکان گەڕانەوە، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش سەرلەنوێ پشتیوانیی ئەمریکییەکانیان بەدەستهێنایەوە، هەسەدەش ئارەزووی خۆیان بۆ ئێمە لەدەستدا. بۆیە، ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ پێشکێشکردنی هاوکارییەکانمان. بەڵام ئەو راستییەی کە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئێستا بە ئارەزووی خۆی رازی بووە واژۆ لەسەر بەڵگەنامەیەک لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی دیمەشقدا بکات، ئەوە بڕیاری سەروەریی ئەوانە. من هیچم نەبیستووە لەبارەی قەدەخەکردنی زمانی کوردی. ئەوە هەرگیز راست نییە. ئەمە وەک رژێمی ئۆکراینا نییە کە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی-نازی جێبەجێ دەکات. بۆیە، ئەگەر هەر ئارەزوویەک هەبێت لەلایەن ئەو گرووپانەوە کە رووسیا رۆڵێک بگێڕێت، ئێمە ئامادەین گوێ بگرین لەبارەی ئەوەی کە بەدیاریکراوی رەنگە پێویستییان بە چی بێت."


