رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکی شیکاریدا دەڵێت، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدانا کە جەنگی ئێران باجێکی قورسی لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولدا بە کۆمارییەکان داوە، ئێستا سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم کۆمەڵێک بژاردەی تەواو "خراپ و ئاڵۆز"دایە؛ دەبێت لە نێوان راگرتنی شەڕ و رێککەوتن، یان دەستپێکردنەوەی بۆردوومان و چڕکردنەوەی گەمارۆکان، یەکێکیان هەڵبژێرێت.
ئەکسیۆس دەڵێت، هەموو ئەو بژاردانەی لەبەردەم ترەمپدان خراپن.
بژاردەی یەکەم: هێرشی سەربازی
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە گەڕانەوە بۆ شەڕ لە نێو شەقامی ئەمریکادا بە تەواوی ناڕەزایەتیی لێدەکەوێتەوە، نرخی سووتەمەنی بە بەرزی دەهێڵێتەوە و لە رووی سەربازییشەوە هیچ گرەنتییەک نییە ئەنجامێکی باشتر بەدەستبهێنێت.
بژاردەی دووەم: دانوستاندن
بەپێی ئەکسیۆس، ئەگەر بەرپرسانی ئێران بەهۆی دۆڕانی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسدا هەست بە لاوازیی ترەمپ بکەن و ئامادەی سازش نەبن، ئەوا گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ترەمپ زۆر سەخت دەبێت.
بژاردەی سێیەم: خنکاندنی ئابووریی ئێران
بژاردەیەکی دیکە، وەک راوێژکارەکانی ترەمپ ناویان ناوە، بەردەوامیدانە بە گەمارۆی دەریایی و سزای توندی ئابووری تاوەکو دەسەڵاتی تاران لە نێوخۆوە دابڕمێت، بەڵام ئەکسیۆس دەڵێت، ئەم رێگەیەش رەنگە چەندین مانگی پێبچێت تاوەکو ئەنجامەکەی دەربکەوێت.
ماڵپەڕەکە لە زاری راوێژکارێکی پێشووی ترەمپەوە دەگێڕێتەوە: "دۆڕاندنی هەڵبژاردنی کۆنگرێس لەلایەک، بەڵام ترەمپ بە هیچ شێوەیەک نایەوێت لە دۆسیەی ئێراندا بۆ جاری دووەم وەک دۆڕاوێک دەربکەوێت." ئەمەش وایکردووە تەنانەت نزیکترین راوێژکارەکانیشی نەزانن هەنگاوی داهاتووی چی دەبێت.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا جەنگی ئێرانی بە هۆکاری شکستی کۆمارییەکان زانی و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، بەهۆی ئەو شەڕەوە کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی پیرانیان بۆ شەش ساڵ لەدەستدا، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلی بە بارگرانی بۆ سەر پارتەکەیان هەژمار کرد.
ترەمپ لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا دانی بەوەداناوە کە قسەکانی ڤانس "تا رادەیەکی زۆر راستن" چونکە شەڕەکە نرخی بەنزینی بەرزکردەوە، بەڵام پێداگریی کرد کە ناچار بوون پەنا بۆ هێرش ببەن بۆ ئەوەی رێگری لە گەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی بکەن.
بەگوێرەی ئەکسیۆس، سوپای ئەمریکا ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئێران تەواو کردووە؛ هاوکات لە هەمان کاتدا نێوەندگیرانی قەتەری هەوڵدەدەن بە گەڵاڵەکردنی رەشنووسێکی ئاشتی، رێگە لە دەستپێکردنەوەی شەڕ بگرن و دانوستاندنی راستەوخۆ دەستپێبکەنەوە.
تاران بە دڵخۆشییەوە لە شکستی ترەمپ دەڕوانێت، بەڵام عەلی واعیز، بەرپرسی بەشی ئێران لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی بە ئەکسیۆسی گوتووە، ئەگەر ئێران لاوازیی سیاسیی ترەمپ بە لاوازیی سەربازی لێکبداتەوە هەڵەیەکی گەورە دەکات و باشترین رێگە ئەوەیە سوود لە دەرفەتی دانوستاندن وەربگرێت تاوەکو واشنتن خوازیاریەتی.
ئەکسیۆس لە کۆتاییدا ئاشکرای دەکات، بەرپرسانی باڵای وەک جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و سکۆت بێسێنت، وەزیری دارایی داوا لە ترەمپ دەکەن بەردەوامی بە گەمارۆی دەریایی و سزاکان بدات، بەڵام بە گشتی هیچ رێگەیەکی ئاسان لەبەردەم سەرۆکی ئەمریکادا نییە تاوەکو "کۆتایی بەم کارە" بهێنێت.



