رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا راپۆرتێکی میدیایی رەتکردەوە کە باسی لەوە دەکرد دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) پاریسی لە ئەگەری هێرشێکی درۆنیی رووسیا لە دەریای ناوەڕاستەوە ئاگادار کردووەتەوە.
رۆژی چوارشەممە رۆژنامەی (ئێل مۆندۆ)ـی ئیسپانی بڵاویکردبووەوە کە دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە فەرەنسا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی درۆنی لەلایەن کەشتییە سەربازییەکانی رووسیاوە لەنێو دەریای ناوەڕاست.
ماکرۆن لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵەکانی (TF1) و (France 2)ـی فەرەنسی گوتی: "دەتوانین ئەم زانیارییە بە تەواوی رەتبکەینەوە؛ دەزگای هەواڵگریی سی ئای ئەی دەزگا ئەمنییەکانی فەرەنسای لە هێرشێکی لەو شێوەیە ئاگادار نەکردووەتەوە."
بەیانی رۆژی پێنجشەممەش گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا هەمان راپۆرتی رەتکردبووەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "ئەو هۆشدارییەی رۆژنامەیەکی ئیسپانی لەبارەی ئەگەری هێرشی کەشتی و درۆنەکانی رووسیا بۆ سەر ئیتاڵیا، ئیسپانیا و فەرەنسا بڵاویکردووەتەوە، پشتی بە هیچ بەڵگەیەک نەبەستووە و لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە."
وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا گوتیشی، "ئێمە لە سەردەمێکی دژوار و پڕ لە دڵەڕاوکێدا دەژین، کەس پێویستی بەوە نییە نەوت بە ئاگردا بکات."
وڵاتانی ئەورووپا لە دۆخی ئامادەباشیی بەرزدان لە ترسی ئەنجامدانی "هێرشی تێکەڵاو" لەلایەن رووسیاوە بۆ سەر ئەو وڵاتانەی کە لە شەڕی ئۆکراینادا پشتیوانی لە کیێڤ دەکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لە مانگی ئابدا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی لایپزیگی ئەڵمانیا دۆزرایەوە کە بەرلین مۆسکۆی بە ناردنی تۆمەتبار کرد.
هێرشی تێکەڵاو ستراتیژییەکە کە تێیدا وڵاتێک لە جیاتی شەڕی سەربازی، چەندین ئامرازی نادیار و جیاواز وەک هێرشی سایبەری، بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە و و گوشاری ئابووری پێکەوە بەکاردەهێنێت، بە مەبەستی نانەوەی پشێوی و لاوازکردنی وڵاتی نەیار، بەبێ ئەوەی بە فەرمی بەرپرسیارێتیی هێرشەکان لە ئەستۆ بگرێت.



