رووداو دیجیتاڵ
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)ـی ئەمریکی رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت و ئامادەیە پرۆگرامەکەی بخاتە ژێر پشکنینی نێودەوڵەتی؛ هاوکات جەختی کردەوە کە تاران نایەوێت شەڕ بەردەوام بێت و ئەوە واشنتنە کە دەبێت بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ بدات.
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، پزیشکیان رەتیکردەوە کە ئێران بەدوای چەکی ئەتۆمیدا بێت و گوتی، "رێبەری باڵای شەهیدمان پێشتر چەندین جار رایگەیاندبوو کە بەپێی فەتوای ئایینی، چەکی کۆمەڵکوژ حەرامە و نایاساییە."
پزیشکیان ئامادەیی تارانی دەربڕی بۆ کەمکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە مەبەستی رەواندنەوەی نیگەرانییەکان و گوتیشی، "ئێمە گوتوومانە ئامادەین پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکەینەوە؛ ئەمە گرفتێکی ئەوتۆ نییە و ئامادەین خۆمان بخەینە ژێر چاودێری و پشکنینی نێودەوڵەتییەوە."
"ئێمە شەڕمان نەویستووە و ئامادەی رێککەوتنین"
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەو رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتنە کرد کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە نێوان تاران و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا واژۆ کرابوو بەڵام دواتر هەڵوەشایەوە و گوتی: "ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەبوو، گەیشتینە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکەکەتان و واژۆمان کرد، لەسەر ئەو بنەمایەش هێشتا ئامادەین هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین. تەنگەی هورمز لەلایەن ئێمەوە دانەخرابوو، بەڵام ئەوان بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی هێرشیان کردە سەرمان و رێبەری باڵا، زانایان، فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسانی ئێمەیان شەهید کرد."
پزیشکیان رەخنەی لە هەڵوێستی ئەمریکا گرت لە دانوستاندنەکاندا و گوتی، "کێشەکە ئەوەیە ئەمریکا لە جیاتی دیالۆگ، سەرەتا بۆردوومانمان دەکات و هەموو رێگەیەک دادەخات."
تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل و کێشە ئابوورییەکان
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران نەخشەداڕێژەری شەڕەکە نەبووە و گوتی، "ئێمە هەوڵی کوشتنی ئەمریکییەکان نادەین، بەڵام ئەمریکا هەوڵی کوشتنی ئێرانییەکان دەدات. ئێمە هەرگیز شەڕمان نەویستووە و ئێستاش نامانەوێت، بەڵام بەهۆی هاندانەکانی ئیسرائیلەوە ئەم شەڕەیان بەسەردا سەپاندین. نامانەوێت شەڕ بەردەوام بێت و ئەوە ئەمریکایە دەبێت هەڵبژێرێت کە ئایا دەیەوێت کۆتایی پێبهێنێت یان نا."
سەرۆککۆماری ئێران دانی بە بوونی قەیرانی ئابووریدا نا لە وڵاتەکەی بەهۆی سزاکانی واشنتنەوە، بەڵام گوتی: "بەڵێ کێشەی ئابووریمان هەیە، بەڵام لە پێناو مانەوەماندا بەرگەی هەر ناڕەحەتییەک دەگرین و بەردەوام دەبین لە خۆڕاگری."
پەیوەندی لەگەڵ حووسییەکان
سەبارەت بە پرسی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حووسییەکان، کە مووشەک ئاراستەی خاکی سعوودیە دەکەن و دەستیان بەسەر کەناراوەکانی دەریای سووردا گرتووە، پزیشکیان رەتیکردەوە کە فەرمان لە تارانەوە وەربگرن و گوتی، "حووسییەکان بەرپرسیارن لە کردەوەکانی خۆیان. ئەوان فەرمان لە ئێمەوە وەرناگرن؛ بەڵکو ئەوانە لایەنێکی خۆڕاگرن لە ناوچەکەدا و بەپێی ئەو دۆخەی بەسەریاندا سەپێنراوە هەڵسوکەوت دەکەن. ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی سیستماتیکی فەرمانپێکردن لە نێوانماندا نییە."
دەنگۆی بەکارهێنانی مانگە دەستکردەکانی چین
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، کاتێک پرسیاری ئەو راپۆرتانەی لێکرا کە باس لەوە دەکەن ئێران وێنەی مانگە دەستکردەکانی چینی بەکارهێنابێت بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، پزیشکیان رەتیکردەوە زانیاریی لەو بارەیەوە هەبێت و گوتی، "من بە دیاریکراوی بێئاگام لەو وێنە دەستکردانەی باسی دەکەن. ئەوەی کە سوپای دوو وڵات لە نێوان خۆیاندا دەیکەن، پەیوەندی بە رێکارە سەربازییەکانی خۆیانەوە هەیە."



