رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026، لە شاری کانی فەرەنسا، لە رێوڕەسمی فەرشی سووری خەڵاتەکانی کان بۆ میدیا و تەلەڤیزیۆن، تۆڕی میدیایی رووداو بە فەرمی دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ دوو ئەڵقەی بەرنامەی بنکۆڵکاریی (هێشتا ماویەتی) پێشکێش کرا.
لە خولی 17یەمی فێستیڤاڵی (Cannes Corporate Media & TV Awards)، ئەڵقەی (داهاتووی حیزبوڵڵا)ی بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) بە پێشکێشکاریی هیڤیدار ئەحمەد، لە پۆلێنی کاروباری ئێستا (Current Affairs) جامی دۆلفینی پێبەخشرا. هاوکات لە هەمان فێستیڤاڵدا، ئەڵقەی (کۆتایی مێزۆپۆتامیا) کە تیشکی خستووەتە سەر قەیرانی وشکەساڵی و ژینگە لە عێراق و ناوچەکە، لە پۆلێنی ژینگە و بەردەوامیدا، بڕوانامەی قۆناخی کۆتایی (Finalist)ی پێشکێش کرا.
هیڤیدار ئەحمەد، دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە لە پەیامێکدا گوتی: "ئەمە دانپێدانانێکی نێودەوڵەتییە لە کاری رۆژنامەوانی، بۆ ئەو کارە رۆژنامەوانییە کە ئێمە لە (هێشتا ماویەتی)ی رووداو پێشکێشمان کردووە."
هیڤیدار ئەحمەد، رووی دەمی لە هاونیشتمانییان و بینەرانی رووداو کرد و گوتی: "ئەو چیرۆکانەی پێویستە ئێوا بیانزانن ئێمە باسیان دەکەین و، هێشتا ماویەتی چیرۆکی دیکەتان بۆ باس بکەین و خەڵاتی دیکەش ببەینەوە."
ئەلێکساندەر کامێل، بەڕێوەبەری خەڵاتەکانی کان بۆ میدیا و تەلەڤیزیۆن، سەبارەت بە بردنەوەی ئەم خەڵاتە پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "ستانداردەکانتان زۆر بەرزن. زۆر بە شێوەیەکی ئەرێنی سەرسام بووم کاتێک بینیم بابەتگەلێکی هێندە هەستیار بەم شێوازە زۆر پیشەیییە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە؛ نەک تەنیا لەلایەن پێشکێشکارەکەوە، بەڵکو لەڕووی کاری کامێرا و گێڕانەوەی چیرۆکەکەشەوە." کامێل ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی 100 دادوەر لە کەناڵە گەورەکانی جیهانەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بەرهەمەکان کردووە و گوتی، "بەرهەمەکانتان لە ئاستێکی زۆر باڵای دۆکیۆمێنتاریی تەلەڤزیۆنیدان، زۆر هاوسەنگ و بێلایەنن و دەتوانن رکابەری لەگەڵ گەورەترینەکانی جیهاندا بکەن."
رێباز عەلی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ئەمڕۆ ساتێکی پڕ لە شانازییە بۆ رووداو و میدیا لە کوردستان و عێراق. ئەم خەڵات و دانپێدانانە زیاتر سوورمان دەکەن لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا چیرۆکی زیاتر بگێڕینەوە کە بگەنە ئاستی نێودەوڵەتی."
بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) کە بەرنامەیەکی مەیدانی و بنکۆڵکاریی تۆڕی میدیایی رووداوە و گرنگی بە پرسە ئاڵۆزە ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەدات، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا توانیویەتی سێ خەڵاتی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت؛ پێشتریش خەڵاتی تێلی (Telly Awards) و خەڵاتی زێڕینی ستیڤی (Stevie Awards)ـی بردووەتەوە.
فێستیڤاڵی کان بۆ میدیا و تەلەڤزیۆن لە ساڵی 2010ـەوە دامەزراوە و ساڵانە لە شاری کانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت. فێستیڤاڵەکە هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمی کەناڵ و دەزگا میدیاییە نێودەوڵەتییەکان دەکات و تەنیا بەشێکی هەڵبژێردراو لە بەرهەمەکان دەبنە براوەی خەڵاتی دۆلفین. تاوەکو ئێستا دامەزراوە جیهانییەکانی وەک بلومبێرگ میدیا، جەزیرە، دەنگی ئەمریکا، دۆیچە ڤێلە و دیسکەڤەری لەم فێستیڤاڵەدا خەڵات کراون.


