رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، زۆرینەی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئێران هەڵوەشێندراونەتەوە و دڵنیانین شاندی ئەو وڵاتە کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکن، بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
رۆژی پێنجشەممە، 24ی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ فۆکسنیوز رایگەیاند، "گەشتە ئاسمانییە دەرەکییەکان بۆ ئێران 80٪ بۆ 90٪یان هەڵوەشێندراونەتەوە"؛ دەشڵێت، "دڵنیانیم شاندی ئێرانی لە نیویۆرک بتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان".
رۆژی 20ی ئەیلوول سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن بی سی) رایگەیاندبوو، لە 23ی ئەیلوولەوە (رۆژی چوارشەممە) سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا دادەخرێن.
بێسێنت گوتی: "ئەگەر فڕۆکەکانی ئێران لە هەر فڕۆکەخانەیەک بنیشنەوە، رێگەیان پێنادرێت سووتەمەنییان پێبدرێت، ناتوانن خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکەن و ناتوانن هیچ تیکتێکیان پێ بفرۆشن، بە پێچەوانەوە هەر کەس و لایەنێک ئەو کارە بکات، لە سیستمی دارایی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت."
بە گوتەی وەزیری جەنگی ئەمریکا، "ئەوانەی هاوکاری رژێمی ئێران دەکەن بۆ خۆرزگارکردن لە سزاکان دەیانناسین و سزایان دەدەین".
ئەم سزایانە لە کاتێکدان کە ئەمریکا و ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە لە جەنگدان، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ئەو وڵاتە کوژران.
تاران لە بەرامبەردا تەنگەی هورمزی داخست، کە رێڕەوێکی ستراتیژیی گواستنەوەی وزەی جیهانییە، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەمریکا سزای بەسەر سەرجەم ئەو هێڵە ئاسمانییە ئێرانییانەدا سەپاند کە پێشتر سزایان لەسەر نەبوو، هاوکات ئەو کۆمپانیا بیانییانەشی خستە لیستی رەشەوە کە لە دەرەوەی ئێران خزمەتگوزارییان پێشکەش بە کەرتی فڕۆکەوانیی تاران دەکرد.
کەرتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران چەندین ساڵە بەدەست سزاکانی ئەمریکاوە دەناڵێنێت، کە بەهۆیەوە ئاڵنگاری گەورەی لە کڕینی فڕۆکەی نوێ، دەستکەوتنی پارچەی یەدەگ و نۆژەنکردنەوەدا بۆ دروستبووە.



