رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوەکانی زەیدی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە عێراق دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، دڵنیان لە پابەندبوونی ئەو بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی هێزی سەربەخۆ لەدەرەوەی دەوڵەت.
رۆژی چوارشەممە، 23ی ئەیلوولی 2026، روبیۆ لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێیان لەگەڵ شاندی عێراق و هەنگاوەکانی حکومەتی وڵاتەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی حکومەتدا بە رۆژنامەڤانانی ریگەیاند: "ئێمە هیچ گومانمان لە پابەندبوونی ئەو (عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق) بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە نییە. تێدەگەین کە ئەمە ئاستەنگێکی گەورە و سەختە. پێموایە ئەو هەندێک دەستکەوتی بەدەستهێناوە، بە لایەنی کەمەوە سێ گرووپی میلیشیا چەکیان داناوە و لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بە حکومەتی نیشتمانییەوە کردووە."
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە بەربەستەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە کرد و گوتی: "چەند دانەیەکی دیکەش هەن، بە لایەنی کەمەوە یەکێکیان بە دیاریکراوی کە هێندە دەستپێشخەر و هاوکار نەبووە و ئێمە دەزانین ئەوە دەبێتە ئاستەنگێکی راستەقینە لە بەردەمیدا."
روبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو هاوکارییەک پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە سەربکەوێت" و گوتی: "هیچ شتێک بۆ عێراق لەوە گرنگتر نابێت کە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکات و هەموو چەکەکانی ئەو وڵاتە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی نیشتمانییەوە و ئەم هێزە سەربەخۆیانە نەمێنن کە کار بکەن و وڵاتەکە پارچەپارچە بکەن."
گوتەکانی روبیۆ لە کاتێکدان 30ـی ئەیلوول وادەى کۆتاییە بۆ ئەوەى سەرجەم هێزە شەڕکەرەکانى سەر بە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش لە عێراق بکشێنەوە، کە مەرجى هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەى رێکخستنی چەک.
بزووتنەوەى نوجەبا، هەردوو کەتیبەکانى حیزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا، تاوەکو ئێستا بەفەرمى بەشداریکردنى راستەوخۆیان لە پرۆسەى چەکدانان رانەگەیاندووە و لیژنەکەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و حکومەت دانوستاندنیان لەگەڵ دا دەکات.
چەکدانان و پێشنیازی نوێی زەیدی بۆیان
دوێنێ حەیدەر فوئادى، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى هاوپەیمانیى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو رایگەیاند، "پێشنیازێکى شەش خاڵى لەلایەن حکومەتەوە دراوەتە گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەوەى رێککەوتنى لەسەر بونیات بنرێت".
بە گوتەى ئەو بەرپرسەى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکایەتى دەکات پێشنیازەکان بریتین لە:
یەکەم: 30ى ئەیلوولى 2026 وادەى کۆتایی ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی و راگەیاندنى خاڵەکانى رێککەوتن و خشتەى کار بۆ قۆناخى داهاتوو دەبێت.
دووەم: 90 رۆژى دواتر، قۆناخى تاقیکردنەوە و هێورکردنەوە، کە تێیدا دەبێت ئەو گرووپانە لەو ماوەیەدا هێرش نەکەن و ئەمریکاش هێرشیان نەکاتەسەر، بۆ ئەوەى متمانە و رەخساندنى دۆخەکە بۆ قۆناخى داهاتوو بهێنرێتە دى.
سێیەم: لەدواى کۆتاییهاتنى ئەو 90 رۆژە، دەست دەکرێت بە رادەستکردنى چەک بەشێوەى رێکخراو و پلەبەندى بە گوێرەى ئەو میکانیزمەى کە رێککەوتنى لەبارەوە دەکرێت.
چوارەم: تێکەڵکردن، چەکدانانى گرووپەکان وەک تاک دەچنە نێو دەستەى حەشدى شەعبى و دامەزراوە فەرمییەکان، لەگەڵ کۆتاییهێنان بە بوونى گرووپە چەکدارەکان وەک هێزى چەکدارى سەربەخۆ.
پێنجەم: تاوەکو 30ـی حوزەیرانى 2027، پرۆسەى چەکدانان و کۆنترۆڵکردنى بەدەستى دەوڵەت بەگوێرەى خشتەیەکى پێشنیازکراو دەکرێت.
شەشەم: لەدواى تەواوبوونى ئەو دەرفەتە، هەر گرووپێک بەردەوام بێت لە کارکردن وەک هێزى چەکدار لەدەرەوەى چوارچێوەى دەوڵەت و یاسا، بە نایاسایی هەژمار دەکرێت.



