رووداو دیجیتاڵ
کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندان و رێکخستنەوەی کارگێڕی لە زانکۆی ئێکستەری بەریتانیا، بە شێوەیەکی تایبەت سەنتەری خوێندنی کوردی ناکاتە ئامانج. فەرەنگیز قادری، بەرپرسی ناوەندەکە بە رووداوی راگەیاند، هەواڵی کەمکردنەوەی بودجە لە زانکۆکەدا نیگەرانی دروستکردووە، بەڵام سەنتەرەکە لە کارەکانی بەردەوامە.
نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیکی رووداو لەبارەی وردەکارییەکانی سەنتەرەکەوە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ فەرەنگیز قادری ئەنجام دا. ناوەندەکە لە ساڵی 2006 بە پاڵپشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاریی دارایی دەزگای ئیبراهیم ئەحمەد دامەزرا.
زانکۆی ئیکستەر لە سەرانسەری بەریتانیادا تەنیا زانکۆیە کە بڕوانامەی ئەکادیمی لە بواری خوێندنی کوردیدا دەدات. لە هەمان کاتدا سەنتەرەکە وەک تاکە ناوەندی پێشەنگ لە ئەورووپادا دادەنرێ کە دەرفەتی تایبەت بە بەدەستهێنانی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا لە خوێندنی کوردیدا دەڕەخسێنێت و لە دوو دەیەی رابردوودا ناوبانگێکی نێودەوڵەتیی بەرفراوانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا بەدەستهێناوە.
پێگەی ئەکادیمی، بڕوانامەکان و بەشە خوێندراوەکان لە سەنتەرەکە
ناوەندی خوێندنی کوردی لە زانکۆی ئیکستەر سەر بە کۆلێجی عەرەبی و خوێندنی ئیسلامییە. بە گوێرەی ماڵپەری زانکۆکە، کۆلێجەکە لە پێنج ناوەند پێکدێ. ناوەندە کوردییەکە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 خاوەن بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری خوێندنی کوردیدا پێگەیاندووە. وانە و کۆرسەکانی ناوەندەکە کراوەن بەڕووی سەرجەم خوێندکارانی کۆلێژی زانستە مرۆییەکان، هونەر و زانستە کۆمەڵایەتییەکان.
بە گوتەی سەرۆکی ناوەندەکە بۆ رووداو، کۆرسەکانی وەک "مێژوو و سیاسەتی کوردی" پێشوازییەکی بەرچاویان لێکراوە و خوێندکارانی بەشە جیاوازەکانی مێژوو، زمانە مۆدێرنەکان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خوێندنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێیدا بەشدار دەبن. لەگەڵ پێشکێشکردنی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا، سەنتەرەکە کۆنفرانس، سەمینار و پێشانگەی بەردەوام رێکدەخات و میوانداریی نووسەر و ئەکادیمیستە دیارەکان دەکات.
سەنتەرەکە خاوەنی یەکێک لە گرنگترین کتێبخانەکانی خوێندنی کوردییە و ئەرشیڤی تایبەتیی کریستۆف کۆچێرا و عومەر شێخمووس لەخۆدەگرێت، لەپاڵ دامەزراندنی "ئەرشیڤی دیجیتاڵیی کوردی" بۆ پاراستنی بەڵگەنامە و کەرەستە مێژووییەکان لە لەناوچوون.
گرنگیی ناوەندەکانی خوێندنی کوردی لە زانکۆکانی ئەورووپادا
بە گوێرەی سەرۆکی ناوەندەکە، ئەم ناوەندانە کەلێنێکی گەورەی رۆشنبیری و ئەکادیمی پڕدەکەنەوە، بەوەی روانگە، ئەزموون و شێوازی بەرهەمهێنانی رۆشنبیریی کوردی دەخەنە چەقی توێژینەوە زانستییەکانەوە.
فەرەنگیز قادری دەڵێ، گرنگیی ئەم دامەزراوانە لەوەدایە کە رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە بەڵگەدارکردن و پاراستنی زمان و کەلەپووری کوردی، لەگەڵ پێشکێشکردنی تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ مێژوو، سیاسەت و بەرهەمی کولتووری کە پێشتر زۆربەی کات لە چوارچێوەی گێڕانەوەی دەوڵەتە باڵادەستەکان و دیدی کۆلۆنیالیزمەوە تەماشا دەکران. هاوکات رێگری دەکەن لەوەی کورد تەنیا وەک کارەکتەرێکی سیاسی تەماشا بکرێ و بەشداریکردنی کورد لە ئەدەبیاتی جیهانی، کەلەپوور و بەرهەمهێنانی زانست دەخەنەڕوو.
هۆکارەکانی قەیرانەکە و رێگەچارەکانی بەردەوامیی سەنتەرەکە
پڕۆسەی رێکخستنەوەی کارگێڕیی زانکۆی ئیکستەر بەهۆی ئەو گوشارە داراییانەیە کە رووبەڕووی کەرتی خوێندنی باڵای بەریتانیا بوونەتەوە، کە بەهۆیەوە پێشنیازی کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە کۆلێژی زانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان کراوە کە ئەم سەنتەرە بەشێکە لێی.
خوێندنی کوردی بوارێکی تایبەتمەندە و ناتوانێت وەک بەشە گەورەکانی دیکە لە رێگەی کرێی خوێندنی خوێندکارانەوە داهاتی گەورە پەیدا بکات؛ هەروەها بوارێکی خوێندنی بێ دەوڵەتە و بێبەشە لەو پاڵپشتییە دامەزراوەییەی بۆ بوارەکانی دیکە هەیە.
بۆ پاراستن و بەردەوامیدان بەو ژێرخانە ئەکادیمییەی لە 20 ساڵی رابردوودا دروستکراوە، ناوەندەکە پێویستی بە سەرچاوەی دارایی درێژخایەن و پاڵپشتیی دامەزراوەییە. بە گوتەی فەرەنگیز قادری، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستە خێرخوازی و هاوبەشەکان دەتوانن رۆڵێکی چارەنووسساز بگێڕن لە رێگەی دابینکردنی بەخشین و گەرەنتی دارایی بۆ توێژینەوە و دابینکردنی کورسیی خوێندن سکۆڵەرشیپ بۆ خوێندکاران.



