رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی چین داوا لە ئێران و ئەمریکا دەکات پابەندی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد بن و جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی دوژمنکارییەکان خزمەت بە هیچ لایەک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناکات.
وەزارەتی دەرەوەی چین، لە وەڵامی پرسیارێکی مەهدی فەرەج، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە پەکین، هانی تاران و واشنتنی دا ژیرانە رەفتار بکەن و دان بەخۆیاندا بگرن، هاوکات بە زووترین کات میکانیزمی دانوستاندنەکانیان لەسەر بنەمای ئەو کۆدەنگییەی تاوەکو ئێستا بەدەست هاتووە، چالاک بکەنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، لە کۆبوونەوەی ژمارە 10224ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، رووسیا و چین دژی پڕۆژەبڕیاری (S/2026/740) دەنگیاندا کە لەلایەن ئەمریکاوە ئامادەکرابوو بۆ نوێکردنەوەی دەسەڵاتی تیمی شارەزایانی سەر بە لیژنەی 1737 بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2027. هەردوو وڵات بەفەرمی رێگەیان نەدا بڕیارەکە تێپەڕێت.
وەزارەتی دەرەوەی چین، لە وەڵامەکەیدا بۆ رووداو، وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ گێڕانی رۆڵێکی بنیاتنەر لە چارەسەری ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکاندا تاوەکو پڕۆسەکە بگاتە لووتکەی لێکتێگەیشتن.
سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، چین نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە پەرەسەندنی بارودۆخی دەریای سوور و یەمەن. پەکین رایدەگەیێنێت کە ناسەقامگیریی ناوچەیی زیان بە هەمووان دەگەیێنێت و پێویستە رێز لە سەروەری و ئاسایشی هەموو نەتەوەکان بگیرێت.
وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێ، نابێ ئەو دامەزراوە زیندووانەی پەیوەندییان بە بژێویی خەڵکەوە هەیە بکرێنە ئامانج و پەکین داوا دەکات چیدیکە کردارەکان بارودۆخەکە ئاڵۆزتر نەکەن.
چین جەختی کردەوە کە دەبێت کێشەکان تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنــەوە چارەسەر بکرێن و داوای هاوئاهەنگییەکی تۆکمەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی شەڕ.



