رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوە لە هەنگاوێکی کەموێنەی پرۆتۆکۆلیدا خۆی بچێتە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازیکردن لە شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لەکاتی گەیشتنی بۆ واشنتن بەمەبەستی ئەنجامدانی سەردانێکی فەرمی و دەستپێکردنی دیداری لووتکەی نێوانیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە سەرۆکی چین لە بنکەی هاوبەشی سەربازیی (ئەندرۆس) لەنزیک واشنتن ئامادە دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت فڕۆکەکەی شی جینپینگ رۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە دەوروبەری کاژێر 4:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا و (کاژێر 11:00ـی شەو بە کاتی هەولێر) لەو بنکەیە بنیشێتەوە.
رێوڕەسمێکی کەموێنە لە پرۆتۆکۆلی ئەمریکادا
لە نەریتی دیپلۆماسی و پرۆتۆکۆلی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا دەگمەنە سەرۆکی وڵات بچێتە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆک یان سەرکردەی وڵاتێکی بیانی؛ بەزۆری رێوڕەسمی فەرمیی پێشوازی لە باخچەی کۆشکی سپی بەڕێوەدەچێت.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ وەکو ئاماژەیەکی روون دەبینرێت بۆ پێدانی بایەخێکی تایبەت بە سەردانەکەی شی جینپینگ و هەوڵێکە بۆ رەخساندنی کەشێکی ئەرێنی پێش دەستپێکردنی دانوستاندنە پڕ لە ئاڵنگارییەکانی نێوان هەردوو زلهێزەکە.
چەند نموونەی مێژوویی هەیە کە سەرۆکی ئەمریکا خۆی چووەتە فڕۆکەخانە یان بنکەی سەربازی بۆ پێشوازیکردن لە سەرکردەی بیانی:
لە ساڵی 1957دا، دوایت ئایزنهاوەر چووە فڕۆکەخانەی نیشتمانیی واشنتن بۆ پێشوازیکردن لە شای سعودیە.
هەمان ساڵ ئایزنهاوەر هەمان شتی بۆ سەرۆکی ڤێتنامی باشوور (نگۆ دین دیێم) کرد.
لە ساڵی 1959دا، ئایزنهاوەر لە بنکەی هێزی ئاسمانیی ئەندرۆس (هەمان شوێنی ئێستا) پێشوازی لە نیکیتا خروشۆڤ، سەرۆکوەزیرانی یەکێتیی سۆڤیەت کرد.
لە ساڵی 2015شدا، باراک ئۆباما خۆی چووە بنکەی هاوبەشی سەربازیی ئەندرۆس بۆ پێشوازیکردن لە پاپا فرانسیس.
دۆسیە سەرەکییەکانی بەردەم هەردوو سەرکردە
سەردانە فەرمییەکەی سەرۆکی چین بۆ واشنتن لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەست بە کێبڕکێی بازرگانی، پێناسە گومرگییەکان و تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد.
لە بەستێنی دۆخی هەرێمیشدا، جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەیوەندییە نزیکەکانی بەیژینگ لەگەڵ تاران تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان دەبن؛ واشنتن دەیەوێت لە رێگەی ئەم دیدارەوە هەژموونی چین بەکاربهێنێت بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.
ترەمپ لە چەند لێدوانێکی ئەمدواییەیدا باسی لەوە کردبوو کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ شی جینپینگدا هەیە و هەوڵیداوە گرژییە زارەکییەکانی نێوانیان کەم بکاتەوە تاوەکو زەمینەی رێککەوتن لەبار بێت.
کۆشکی سپی دەیەوێت ئەم پێشوازییە تایبەتە لە فڕۆکەخانە بکاتە دەرفەتێک بۆ دڵنیاکردنەوەی بەیژینگ، بە ئامانجی ئەوەی هەردوو وڵات بتوانن لەسەر پرسی سەقامگیریی ئابووریی جیهان و رێگریکردن لە پێکدادانی سەربازی لە ناوچە هەستیارەکان بگەنە لێکگەیشتنی هاوبەش.



