رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری خێرا لە باشووری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، لانیکەم 64 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ بەرپرسانی وڵاتەکەش هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەری هەیە ژمارەی مردووان زیاد بکات.
رووداوەکە لە هەرێمی کاستیا-لا مانچا لە نێوەڕاستی وڵاتەکە روویداوە. بەهۆی خراییانەوە شەمەندەفەرەکان چووبوونە نێو یەکەوە؛ ئەمەش دووەم کارەساتی لەو شێوەیەیە کە لەم ساڵدا رووبەڕووی کەرتی شەمەندەفەری ئیسپانیا دەبێتەوە.
ئیمیلینۆ گارسیا-پاج، سەرۆکی هەرێمی کاستیا-لا مانچا لە شوێنی رووداوەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "قسە لەسەر نزیکەی 64 گیانلەدەستدان دەکەین، بەڵام ئەم ژمارەیە پێدەچێت زیاتریش بەرز ببێتەوە."
گوتەبێژێکی حکومەتی هەرێمەکە بە فرانس پرێسی گوتووە، زیاتر لە 100 کەس بریندار بوون؛ لەو ژمارەیەش 58 کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و تەندروستیی 15 کەسیان زۆر ناجێگیر و مەترسیدارە. هێلیکۆپتەرەکان لە ئاسمانی ناوچەکە دەسووڕێنەوە بۆ گەڕان بەدوای برینداراندا، لە کاتێکدا چەندین ئۆتۆمبێلی رەشی تایبەت بە گواستنەوەی مردووان گەیشتوونەتە شوێنەکە.
کۆمپانیای هێڵی ئاسنی ئیسپانیا لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە هێڵی سەرەکیی شەمەندەفەری خێرا لە مەدریدەوە بەرەو باشووری ئیسپانیا راگیراوە، دوای ئەوەی یەکێک لە گەشتەکانی تووشی رووداوی پێکدادان بووە لەگەڵ شەمەندەفەرێکی کۆمپانیای تایبەتی ئایریۆ. کۆمپانیای ئایریۆ رایگەیاندووە، شەمەندەفەرەکەیان 147 سەرنشین و پێنج کارمەندی تێدابوو "لە دواوە لەلایەن شەمەندەفەرەکەی رێنفێوە لێی دراوە."
ئەم کارەساتە کەمتر لە مانگێک پێش هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختەی 29ـی تشرینی دووەم دێت، کە تێیدا پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیران لە پارتی سۆسیالیست کە دوای رووداوی یەکەمی ئەمساڵ رووبەڕووی رەخنەی تووند ببووەوە هەوڵدەدات پێچەوانەی راپرسییە نەرێنییەکان هەنگاو بنێت و دەسەڵاتی هەشت ساڵەی درێژ بکاتەوە.
نووسینگەی سانچێز رایگەیاندووە سەرۆکوەزیران بەرەو شوێنی رووداوەکە بەڕێکەوتووە. سانچێز لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هاوخەمیی خۆی دەربڕی و نووسی: "تووشی شۆک بووم بەم رووداوە و سۆز و پشتیوانیی خۆم بۆ قوربانییان و خێزانەکانیان دەنێرم."
پەیامەکانی سەرەخۆشی لە سەرتاسەری ئیسپانیا و ئەورووپاوە ئاراستە کران. کۆشکی شاهانەی ئیسپانیا لە ئێکس نیگەرانی و هاوخەمیی خۆی راگەیاند. گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیی یەکێتییەکەی بۆ هاوکاریکردنی ئیسپانیا دەربڕی، ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا گوتی "ئەورووپا شین دەگێڕێت"
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاش 24 یاریی قۆناخی یەکەمی جامی شای ئیسپانیای دواخست.
تۆڕی شەمەندەفەری خێرای ئیسپانیا لەم ساڵانەی دواییدا وەبەرهێنانی گەورەی تێدا کراوە و بە دووەم گەورەترین تۆڕ لە جیهاندا لە دوای چین دادەنرێت.
ئەم رووداوەی چوارشەممە دوای ئەوە هات کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵیشدا پێکدادانی دوو شەمەندەفەری خێرا لە نزیک گوندی ئاداموز لە باشووری وڵاتەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 46 کەس، ئەمەش پرسیاری جدی لەسەر ئاستی سەلامەتیی کەرتی شەمەندەفەر دروستکردووە. هەردوو رووداوەکەی ئەمساڵ لەسەر هێڵی نێوان مەدرید و شاری سێڤییا روویانداوە.
هۆکاری رووداوەکە کە لەسەر بەشێکی تەواو رێکی هێڵەکە و لە کەشێکی هەتاوی و وشکدا روویداوە هێشتا نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەستیپێکردووە. ئەم هێڵە یەکێکە لە قەرەباڵخترین هێڵەکانی وڵاتەکە، یەکەمین هێڵی شەمەندەفەری خێرای ئیسپانیا بوو، کە لە ساڵی 1992 کرایەوە.



