رووداو دیجیتاڵ
شیکارییەکی ئاژانسی فرانس پرێس بۆ داتاکانی کەرتی کەشتیوانی دەریخستووە، دروستکردنی رێڕۆوێکی ئارام لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە تەنگەی هورمز، بە شێوەیەکی بەرچاو هەناردەکردنی نەوتی لەو رێڕۆوە ئاوییە ستراتیژییەوە زیادکردووە، هەرچەندە ئاستی هەناردەکە هێشتا نەگەیشتووەتە پێش دەستپێکردنی جەنگ.
رۆژی سێشەممە، 15ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، "بڕێکی بێشوومار لە نەوت" لەو رێڕۆوە گرنگەوە رەوانەی بازاڕەکان دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، داتاکانی دەزگاکانی چاودێریی کەشتیوانیی وەک کیپلەر و لۆیدز لیست ئینتێلیجێنس دەریدەخەن کە قەبارەی هەناردەی ئێستا هێشتا لە دەوروبەری نیوەی ئەو ئاستەدایە کە لە سەردەمی پێش جەنگدا تۆمار دەکرا.
بەرزبوونەوەی بەرچاوی قەبارەی نەوتی هەناردەکراو
بەرپرسانی کۆشکی سپی بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"یان راگەیاندووە، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە کە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆکرا ئەمریکا کۆنترۆڵی ئەو رێڕۆوەی کردووە کە بە کەناراوەکانی عومماندا تێپەڕدەبێت. هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە 8ـی تەممووز و دووبارە هەڕەشەکردنی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییەکان، هێزەکانی سوپای ئەمریکا بە کاروان پاسەوانی لە کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن.
بەپێی پێوەرەکانی دەزگای لۆیدز، لە دوای 8ـی تەممووزەوە نزیکەی 330 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێگەی ئەو کەشتییانەوە لە هورمز دەربازکراون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێرانەوە نییە؛ ئەمەش دەکاتە نزیکەی 4.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئەم ئامارە لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولدا بەردەوام رووی لە زیادبوون کردووە، لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئەیلوولدا تێکڕای هەناردە گەیشتە نزیکەی 8 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. تەنیا لە رۆژی 7ـی ئەیلوولدا زیاتر لە 14 ملیۆن بەرمیل نەوت لە تەنگەکە تێپەڕیوە.
پێش جەنگ رۆژانە نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوت تێپەڕیوە، لە قۆناغی سەرەتای جەنگدا دابەزیوە بۆ 1.4 ملیۆن بەرمیل و لە کاتی گفتوگۆکان و هەڵگرتنی گەمارۆکان گەیشتبووە 9.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
لۆیدز پێناسەی کەشتیی بێبەش لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران بەو جۆرە دەکات کە کەشتییەکە روو لە بەندەرەکانی ئێران نەکات یان لێیانەوە نەهاتبێت، ئاڵا یان خاوەندارێتیی ئێرانی نەبێت، سزانەدراو بێت و بەشێکیش نەبێت لە کەشتیگەلی سێبەر. لە شیکارییەکەی فرانس پرێسدا هەموو ئەو کەشتییانە بێبەشکراون کە رێڕۆوی ئێرانییان بەکارهێناوە.
کۆسپەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داتا
بەهۆی مەترسیی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو کەشتییانەی بە رێڕۆوە فەرمییەکانی تاراندا تێناپەڕن، زۆربەی کەشتییەکان ئامێرەکانی دیاریکردنی شوێنی خۆیان دەکوژێننەوە کاتێک رێڕۆوە ئەمریکییەکە بەکاردەهێنن، ئەمەش چاودێریکردنی وردی قەبارەی هەناردەکردنەکە قورس دەکات.
بەرپرسانی لۆیدز ئاماژەیان بەوە کردووە "رێژەیەک لە هەڵە" لە دیاریکردنی وردی تێپەڕینەکاندا هەیە، لە کاتێکدا کیپلەر جەختی کردووەتەوە کە "متمانەیەکی زۆرمان بە کۆی گشتیی هەناردەکە هەیە، بەڵام هەموو تێپەڕینێک لە هەمان ساتدا نادۆزرێتەوە."
ئایا گوتەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ داتاکاندا یەکدەگرنەوە؟
ئیدارەی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە تێکڕای رۆژانەی تێپەڕینی نەوت نزیکەی 9 ملیۆن بەرمیلە، کە ئەمەش نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل زیاترە لەو لووتکە حەوت رۆژییەی دەزگاکانی چاودێری تۆماریان کردووە. ئەم جیاوازییە رۆژانەیە یەکسانە بە باری کەشتییەکی زەبەلاحی گواستنەوەی نەوتی خاو لە هەر دوو رۆژ جارێکدا.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، بە پێچەوانەی کۆمپانیاکانی چاودێریی کەشتیوانی، "ئێمە ئاگاداری تاک بە تاکی ئەو کەشتییانە و بارەکانیانین کە لەم رێگە پارێزراوانەدا دەیانپەڕێنینەوە."
حکومەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی 24 کاژێردا نزیکەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوت تێپەڕیوە؛ بەپێی شیکارییەکان ئەم ژمارەیە دوور نییە لە راستییەوە بەتایبەت ئەگەر ژمارەیەکی زۆر کەشتی لە کاتێکی دیاریکراودا پێکەوە تێپەڕبن. لەگەڵ ئەوەشدا، داتاکان بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی لەو پۆستەی دۆناڵد ترەمپ ناکەن لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو 18 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بووەتە "دۆخێکی ئاسایی و بەردەوام".


