رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەداتە سەرکردەکانی جیهان کە نابێت چاوپۆشی لە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد بکرێت و رایدەگەیێنێت، پێویستە سنووردارکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە ببێتە ئەولەویەتی حکومەتەکان.
گوتێرێس لە لێدوانێکدا پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی ژیریی دەستکرد تەوەری سەرەکیی دیدارەکانی دەبێت و گوتی: "ناتوانین چاوپۆشی لەو نیگەرانییانە بکەین کە بەرزکراونەتەوە، بەتایبەت لەلایەن ئەو کەسانەی لە بەرەی پێشەوەی پەرەپێدانی ئەم تەکنەلۆژیایەدان. ئەرکی سەرەکیی هەر حکومەتێک پاراستنی هاووڵاتییانیەتی، لەنێویاندا پاراستنیان لە هەڕەشەکانی ژیریی دەستکرد."
هۆشدارییەکەی گوتێرێس دوای ئەوە دێت کە جەیکۆب کۆکسن، توێژەری باڵای سەلامەتی لە کۆمپانیای ئەنترۆپیک (Anthropic) دەستی لەکارکێشایەوە و رایگەیاند: "ئەو کەسانەی لەنێو کۆمپانیاکاندا ژیریی دەستکرد پەرەپێدەن، بەتەواوی باوەڕیان وایە کە ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت تاوەکو کۆتایی ئەم دەیە هەموومان لەناوببات."
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکانی بە کەم زانی و رایگەیاند، ئەمریکا یاسای پێویستی بۆ لێپرسینەوە لە کۆمپانیاکان هەیە، هۆشداریشی دا لەوەی دروستکردنی گومان لەسەر ئەم تەکنەلۆژیایە ئەمریکا دوادەخات و لە قازانجی چین کۆتایی دێت بۆ ئەوەی پێشبڕکێکە بباتەوە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتانی زلهێز کرد میکانیزمی هاوبەش دابمەزرێنن بۆ ئەوەی رێگری لە "پێشبڕکێیەکی ماڵوێرانکەر" بکرێت کە تێیدا هەموو مرۆڤایەتی زەرەرمەند دەبێت.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد ساز بکات. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە واشنتن، کە بڕیارە دۆسیەی ژیریی دەستکرد و مەترسییەکانی یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان بێت.



