رووداو دیجیتاڵ
WXN Media کۆمپانیایەکی تایبەت بە کاری میدیاییە لە کەنەدا و بایەخ بە رۆڵی ژنان لە بەڕێوەبردنی رێکخراو و دامەزراوەکان دەدات. کۆمپانیاکە 100 ژنی وەک کاریگەرترینی کەنەدا دیاری کردووە.
هێرۆ موهتەدی تەمەن 53 ساڵ، خەڵکی بۆکانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، جێگری بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیای خانوبەرەیە لە کەنەدا و 23 ساڵە ئەم کارە دەکات. هێرۆ وەک یەکێک لەو 100 ژنە دیاری کراوە.
هێرۆ موهتەدی لەم بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "ئەم خەڵاتە بۆ من گەورەترە لە تەنیا دەستکەوتێک و نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە دەکرێ چی بکرێ. ژنان، بە تایبەتی ژنانی ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە مێژوودا کەمتر دەرفەتیان بۆ بەشداری و نوێنەرایەتی بۆ رەخساوە، دەرفەتی سەرکردایەتی و بەشداریکردنیان پێ دەدرێ."
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "وەک ژنێکی کورد، ئەم ناسناوە مانایەکی زۆر تایبەتی بۆ من هەیە. ژنی کورد مێژوویەکی درێژی لە هێز، خۆڕاگری و سەرکردایەتیی لە دۆخە سەختەکاندا هەیە. هەڵبژاردنم وەک یەکێک لە 100 بەهێزترین ژنی کەنەدا، هەلێکە بۆ ئەوەی دەنگ و چیرۆکی ژنی کورد و کۆمەڵگەکەمان زیاتر ببینرێ."
هێرۆ موهتەدی رایگەیاند، "هیوادارم ئەم ناسناوە پەیامێک بێت بۆ ژنانی گەنج، لەنێویاندا ژنانی کورد، کە پێویست ناکات هەڵبژێرن لەنێوان ئەوەی لە کوێوە هاتوون و ئەوەی دەیانەوێ بگەنە کوێ. ناسنامەکەیان، ئەزموونەکەیان و تەنانەت ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوویان بووەتەوە، دەتوانێ ببێتە بەشێک لە هێز و وزەیان بۆ بوونە سەرکردە."
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، "ئەم خەڵاتە رێزێکی گەورەیە بۆ من، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەرپرسیارێتییە. بەردەوام بم لە کردنەوەی دەرگا بۆ ژنان، بەرگریکردن لە ماف و رەخساندنی دەرفەت بۆیان، نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگەکەم بە شانازییەوە و دڵنیابوون لەوەی هەر شوێنێک دەنگم هەبێت، ئەو دەنگە بەکاربێنم بۆ ئەوەی بۆ کەسانی دیکەش شوێن و دەرفەت بڕەخسێنم."
پرۆگرامەکە زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1800 ژن لە بوارەکانی کارگێڕی، کاروبار، تەکنەلۆجیا و بوارە پیشەییەکانی دیکە لە چوارچێوەی ئەم پڕۆگرامەدا هەڵبژێردراون. هەڵبژاردنی خەڵاتەکانیش لەلایەن لیژنەیەکی سەربەخۆی دادوەرانەوە ئەنجام دەدرێ.
.jpg&w=3840&q=75)

