رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و تەواوبوونی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق "هەنگاوێکی گرنگە"، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەخاتە ئەستۆی حکومەتی بەغدا بۆ پاراستنی سەروەری و دیاریکردنی ئاراستەی داهاتووی وڵاتەکەی.
لە وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە قۆناخی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، لە کاتێکدا عێراق بەرەو 30ی ئەیلوول هەنگاو دەنێت، ژینگەی ناوچەکە بە تەواوی ئاڵۆز و لەرزۆکە. گوتەبێژەکە گوتی: "لە سەرەتای جەنگەوە، خاکی عێراق بۆ هێرش و پەرچەکردار لە هەموو لایەکەوە بەکارهێنراوە، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، بەداخەوە تاوەکو ئەمڕۆش دۆخەکە بە تەواوی لەرزۆک و ناسەقامگیرە."
پشتگیریی زەیدی لە دۆسیەی چەک و ململانێی 30ـی ئەیلوول
پەیامەکەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە، 30ـی ئەیلوول وەک وادەی کشانەوەی تەواوەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هەروەها وادەی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی عێراق دیاریکردووە.
سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی هەموو هێزە چەکدارەکان بەپێی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق و سیستمی دەستووریی وڵاتەکە بجووڵێنەوە، لەبەر ئەوەش پێشوازی لە هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و خستنەژێر دەسەڵاتى دەوڵەت بە تەنیا."
ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە، گرووپە چەکدارە سەرەکییەکان لەوانە کەتائیبی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و سەیدولشوهەدا، دەستبەرداربوونی چەکەکانیان تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە رەتکردووەتەوە. ئەو گرووپە چەکدارانە داوای گەرەنتی دەکەن کە هێزەکانی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک نەگەڕێنەوە و رۆڵی سیاسی و ئابووریی واشنتن لە عێراق سنووردار بکرێ. بەغدا هەوڵ دەدات لە قۆناخی یەکەمدا چەکە قورس و دوورمەوداکان وەک مووشەک و درۆنەکان بخاتە ژێر فەرمانی سەرکردایەتیی گشتیی هێزە چەکدارەکان و پاشان هەنگاو بەرەو رێکخستنەوەی هێزەکان بنێت.
هاوبەشیی ئەورووپا؛ لە هەولێر و بەغداوە بەرەو بواری ئەمنی
سەبارەت بە پرسیاری رووداو لەسەر ئەگەری پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە، یەکێتیی ئەورووپا روونیکردەوە کە کشانەوەی هێزە سەربازییەکان بە مانای کشانەوەی ئەورووپا نایەت، بەڵکو پەیوەندییەکان لە رێگەی نێردە دیپلۆماسی و راوێژکارییەکانەوە بەردەوام دەبن.
نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە بەغدا و نووسینگەی پەیوەندییەکان لە هەولێر بە هاوئاهەنگی راستەوخۆ لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک ئاسایش، بەڕێوەبردنی سنوور، کەرتی وزە و پرسی کۆچ کار دەکەن.
لە پاڵ ئەوەشدا، نێردەی راوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق کە ئەرکەکەی پێشکێشکردنی هاوکاریی ستراتیژییە بە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە راوێژدان لە بوارەکانی:
بەڕێوەبردنی قەیرانە نیشتمانی و ئەمنییەکان
بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر و تاوانی رێکخراو
چاکسازی لە کەرتی بەڕێوەبردنی سنوورەکان
سەروەریی یاسا، چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و بەشداریپێکردنی زیاتری ژنان لە کەرتی ئەمنی
ئابووری و سەقامگیری؛ لە نەوتەوە بەرەو هەمەچەشنکردنی داهات
گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا بۆ رووداو رایگەیاند، کشانەوەی هێزە بیانییەکان پێویستە دەرفەت بە حکومەتی بەغدا بدات سەرنجی تەواو بخاتە سەر پێداویستییە سەرەکییەکانی ناوخۆ، بەتایبەت چاکسازی لە بەڕێوبردن و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییان.
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا گوتیشی، کەمبوونەوەی تەنگژە ئەمنییەکان دەرگای فراوانتر بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەورووپییەکان و کارە لەپێشینە ئابوورییەکانی ئەورووپا لە عێراقدا دەکاتەوە کە بریتین لە:
هاوکاری لە کەرتی وزە و پەرەپێدانی سەرچاوە نوێبووەوەکان
هەمەچەشنکردنی ئابووریی عێراق بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوتی خاو
بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و راکێشانی سەرمایەگوزاریی بیانی
بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاو
گوتەبێژەکە لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاند، سەقامگیریی عێراق گرنگییەکی ستراتیژی بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کیشوەری ئەورووپاش هەیە، ئەورووپا وەک هاوبەشێکی جێگیر و درێژخایەن لە پشتیوانیکردنی دامەزراوە رەواکانی عێراق بەردەوام دەبێت.
دەقی لێدوانەکەى گوتەبێژێک بەناوی یەکێتیی ئەورووپا:
عێراق وەک هاوبەشێکی سەرەکیی یەکێتیی ئەورووپا لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە، ئێمە بەردەوام جەخت لە پشتیوانیکردنی خۆمان بۆ یەکڕیزی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەینەوە، بەتایبەتی لەم دۆخە پڕ لە ئاڵنگاری و پێشبینینەکراوەی ئێستای ناوچەکەدا. لە سەرەتای جەنگەوە، خاکی عێراق بۆ هێرش و پەرچەکردار لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە بەکارهێنراوە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق. بەداخەوە و تاوەکو ئەمڕۆش، دۆخەکە بە تەواوی ناسەقامگیر و لەرزۆکە. ئێمە لە هاوپشتیی تەواوداین لەگەڵ حکومەتی عێراق و گەلەکەی، هەروەها لەگەڵ تەواوی ناوچەکەش. وەک هاوبەشێکی سەرەکیی ناوچەیی بۆ یەکێتیی ئەورووپا، هانی رۆڵی بنیاتنەرانەی عێراق دەدەین لە گەڕاندنەوەی سەقامگیریی ناوچەیی کە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش و گەشەپێدانی ئابووری بێت.
یەکێتیی ئەورووپا، بە وڵاتانی ئەندامیشییەوە، هاوبەشێکی جێگیر و متمانەپێکراو بووە و وەک ئەوەش بۆ عێراق دەمێنێتەوە. شاندی یەکێتیی ئەورووپا لە بەغدا و نووسینگەی لاوەکیی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر لە نزیکەوە لەسەر پرسە سەرەکییەکانی وەک ئاسایش، وزە و کۆچ پێکەوە کاردەکەن. سەرەڕای ئەوەش، نێردەی راوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق (EUAM) پشتیوانی لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات لە بوارەکانی وەک بەڕێوەبردنی قەیران، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تاوانی رێکخراو، بەڕێوەبردنی سنوور، مافەکانی مرۆڤ و بەشداریپێکردنی ژنان. لە رێگەی ئەم کارانەوە، یەکێتیی ئەورووپا بەشداری لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی عێراقدا دەکات.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکانی دیکە هەنگاوێکی گرنگە؛ هەروەها بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی سەروەرییەکەی و دیاریکردنی ئاراستەی خۆی.
یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی سەرجەم چەکدارەکان بەگوێرەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق و سیستمی دەستوورییەکەی هەڵسوکەوت بکەن. بۆیە، یەکێتیی ئەورووپا پێشوازی لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی دەکات بۆ هێنانەژێر کۆنترۆڵی چەک لە دەستی دەوڵەت.
بۆ قۆناخی داهاتوو، سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنی و ئابووری فاکتەری سەرەکین بۆ رێگەدان بە حکومەت تاوەکو سەرنج بخاتە سەر پێداویستییە نێوخۆییەکان، وەک باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاکسازییە ئابوورییەکان. یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لەم هەوڵانەدا بگێڕێ. پشتیوانییەکانی ئێستای یەکێتیی ئەورووپا سەرنج دەخەنە سەر بەڕێوەبردنی باش، هەمەچەشنکردنی ئابووری، خۆڕاگری بەرامبەر کەشوهەوا و برەودان بە مافەکانی مرۆڤ، بە مەبەستی یارمەتیدان لە بنیاتنانی داهاتوویەکی ئاشتییانەتر، دیموکراسیتر و گەشاوەتر بۆ عێراق و ئەورووپا وەک یەک. بەشداریکردنی ئابووریمان سەرنج دەخاتە سەر هەمەچەشنکردن، هاوکاریی کەرتی وزە و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت کە بەشدار دەبێت لە خۆڕاگریی درێژخایەن و خۆشگوزەرانیی هاوبەش بۆ هاووڵاتییانی عێراقی و ئەورووپی بە هەمان شێوە. سەقامگیریی عێراق بایەخێکی ستراتیژیی هەیە نەوەک تەنیا بۆ ناوچەکە بەڵکو بۆ یەکێتیی ئەورووپا و ئێمە پابەند دەمێنینەوە بە پشتیوانیکردنی بەردەوام و گشتگیر بەرەو پێشەوە کە لە بەرژەوەندیی هاوبەشیی دوولایەنەماندا بێت.



