رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیمارات راگەیاند، دوای ئەوەی بە گوتەی خۆیان "هەموو رێگە و هەوڵەکان بۆ پاراستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان گەیشتنە بنبەست." ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند ساڵێکە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی جەزائیر بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییەکان لە دوای زنجیرەیەک دەستێوەردانی ئەبوزەبی لە کاروباری ناوخۆیی و هەرێمیی جەزائیردا هاتووە.
سەرچاوە فەرمییەکانی جەزائیر ئەبوزەبی تۆمەتبار دەکەن بەوەی، پشتیوانیی دارایی و سیاسی پێشکەش بە بزووتنەوەی خۆبەڕێوەبەریی قەبائیلیان کردووە، کە لەلایەن جەزائیرەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە و ئەمەش وەک بەزاندنی هێڵی سووری سەروەریی نیشتمانی لە قەڵەم دراوە.
ململانێی نێوان هەردوو وڵات پەیوەستە بە چەندین تەوەری گرنگی ناوچەیی، کە دیارترینیان لەم خاڵانەدا کورت دەبنەوە:
ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل و پرسی سەحرای رۆژئاوا: جەزائیر بە تووندی دژی (رێککەوتنی ئیبراهیم) بوو کە ئیمارات لە 2020ـدا لەگەڵ ئیسرائیل واژۆی کرد. لە دوای ئەو رێککەوتنە، ئەبوزەبی پشتیوانیی تەواوی لە مەغریب بەسەر ناوچەی کێشەلەسەری سەحرای رۆژئاوادا کرد، ئەمەش وەک هەوڵێکی راستەوخۆ بۆ پەراوێزخستنی جەزائیر لێکدرایەوە.
ململانێ لە ناوچەی کەنار (ساحل) و لیبیا: جەزائیر ئەبوزەبی بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە درێژایی سنوورە ناسکەکانی باشووریدا دەستی خستووەتە ناو کاروباری مالی، نەیجەر، لیبیا و سوودان لە رێگەی پاڵپشتیکردنی لایەنە ناکۆکەکان و فراوانکردنی هەژموونی دارایی و سەربازیی خۆی.
بەرپرسانی ئیمارات پێشتر سەرجەم ئەم تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، جووڵەکانیان لە ناوچەکە تەنیا لەسەر بنەمای پەرەپێدانی ئابووری، هاوبەشیی بازرگانی و وەبەرهێنانە.
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە سەرەتای 2024ـەوە ئاماژەی هەڵوەشانەوەیان پێوە دیار بوو، کاتێک ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی جەزائیر هۆشدارییەکی تووندی بڵاوکردەوە و نیگەرانیی خۆی لە "کردەوەی دوژمنکارانەی وڵاتێکی برای عەرەب" دەربڕی کە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ ئیمارات. لە مانگی شوباتی 2026ـدا ئاڵۆزییەکان پێیان نایە قۆناخێکی کردارییەوە، کاتێک دەسەڵاتدارانی جەزائیر رێککەوتننامەی گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ ئیمارات هەڵوەشاندەوە و سەرجەم گەشتە بازرگانییە راستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات راگیران.



