رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا داواکارییەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەری لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ کەمترین ئاستی پێنج ساڵی رابردوو دابەزیون. هۆکارەکەشی بۆ تووندکردنی سیاسەتەکانی کۆچبەری و کەمبوونەوەی بەرچاوی پەنابەرانی سووریا دەگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسەکە کە رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، بڵاوکرایەوە، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ نەرویج و سویسرا لەنێوان مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو حوزەیرانی 2026دا، 332 هەزار داواکاریی پەنابەرییان پێگەیشتووە، ئەوەش بە رێژەی 17٪ کەمترە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، کە کەمترین ژمارەی تۆمارکراوی نیوەی یەکەمی ساڵە لە دوای ساڵی 2021ـەوە.
هۆکاری کەمبوونەوەی پەنابەران چییە؟
ئاژانسی پەنابەریی یەکێتیی ئەورووپا هۆکاری ئەم دابەزینەی بۆ قۆناخی گواستنەوەی سیاسی لە سووریا گەڕاندووەتەوە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاو لە ژمارەی داواکاریی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە.
هاوکات ئاماژەی بە هەوڵەکانی برۆکسل کردووە بۆ پتەوکردنی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوە و ترانزێت، بەتایبەت رێککەوتنە نوێیەکانی لەگەڵ وڵاتانی باکووری ئەفریقا وەکو تونس و مۆریتانیا بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاریی دارایی و وەبەرهێنان لە بەرامبەر رێگری لە کۆچی نایاسایی.
لە لایەکی دیکەشەوە، بەپێچەوانەی ترسی وڵاتانی ئەورووپا، شەڕ و ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەبوونەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی نوێی پەنابەران بەرەو وڵاتانی ئەورووپا.
ئەفغانییەکان لە پلەی یەکەمی داواکاراندان
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هاووڵاتییانی ئەفغانستان بە تۆمارکردنی 39 هەزار داواکاری لە پلەی یەکەمی داواکارانی مافی پاراستنی نێودەوڵەتیدان لە ئەورووپا، لە دوای ئەوانیش هاووڵاتییانی ڤەنزوێلا و بەنگلادیش دێن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کەمتر لە یەک لەسەر سێی ئەو داواکارییانەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تاوتوێ کراون، پەسەند کراون. هەروەها بەپێی ئەو رێسا نوێیانەی لە مانگی حوزەیرانەوە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانێکەوە هاتوون کە رێژەی پەسەندکردنی داواکارییەکانیان لە خوار 20٪ـەوەیە، یاخود یەکێتیی ئەورووپا وڵاتەکەیانی بە "ئارام" پۆلێن کردووە، بە رێکاری خێرادا تێدەپەڕن و لە ئەگەری رەتکردنەوەیاندا راستەوخۆ دیپۆرت دەکرێنەوە. نزیکەی 56٪ـی داواکارانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ ئەم مەرجانەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
کام وڵات زۆرترین داواکاری پێگەیشتووە؟
لەناو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپادا، فەرەنسا بە وەرگرتنی 69 هەزار داواکاری لە پلەی یەکەمدا دێت، دوای ئەویش، ئیتاڵیا بە 66 هەزار داواکاری دێت. ئیسپانیا و ئەڵمانیاش هەریەکەیان 55 هەزار داواکارییان پێگەیشتووە.
هاوکات بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانەکەی کە نزیکەی 10.3 ملیۆن کەسە، یۆنان بە وەرگرتنی 23 هەزار داواکاری لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، لەسەر ئاستی تاک لە پێشەنگی وڵاتانی ئەورووپادایە بۆ تۆمارکردنی زۆرترین داواکاریی پەنابەری.



