رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (بەرەبەیانی پێنجشەممە بە کاتی هەولێر) رایگەیاند، ئەگەر کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەم پاییزەدا زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران بەدەست بهێنن، ئەوا هەر هاوڵاتییەکی ئەمریکی بڕی پێنج هەزار دۆلار وەردەگرێت.
ترەمپ ئەم بەڵێنەی لە یەکەمین کۆنگرەی هەڵبژاردنی نیوەخولی پارتی کۆماری لە شاری داڵاس لە ویلایەتی تێکساس دا.
تا ئێستا روون نییە کە چۆن پرۆسەی پێدانی ئەو پارەیە جێبەجێ دەکرێت یان ئایا پلانێکی لەو شێوەیە لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە یان نا.
ترەمپ ئەم هەنگاوە بە دابەشکردنی قازانج بەسەر خاوەن پشکەکاندا لە کاتی سەرکەوتنی کۆمپانیایەکدا دەچوێنێت.
دەشڵێت: "ئەگەر کۆمارییەکان بیبەنەوە، ئێوەش لەگەڵماندا دەیبەنەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە دەبێت ئەم بڕە پارەیە یان "قازانجەی ترەمپ" تەنیا لە ناوخۆی ئەمریکادا خەرج بکرێت.



