رووداو دیجیتاڵ
یۆناس گاهر ستۆرا، سەرۆکوەزیرانی نەرویج رایگەیاند، فڕۆکەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کاتی بەڕێکەوتنی بەرەو ئۆسلۆ، لە هێرشێکی درۆنی لە مۆڵدۆڤا رزگاری بووە.
سەرۆکوەزیرانی نەرویج لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، فڕۆکەکەی سەرۆکی ئۆکراینا لە کاتی فڕین لە مۆڵدۆڤا، خەریک بووە لەلایەن درۆنێکەوە بپێکرێت. ستۆرا گوتی: "ئەوە ئەو واقیعەیە کە ئەو (زیلینسکی) تێیدا دەژی".
زیلینسکی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 8ـی ئەیلوول بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی شا هارالدی نەرویج گەیشتە ئۆسلۆ. سەرۆکوەزیرانی نەرویج ئاماژەی بەوە کرد، پێش دەستپێکردنی مەراسیمەکە لەگەڵ زیلینسکی کۆبووەتەوە و باسی لەوە کردووە، سەرۆکی ئۆکراینا تەواوی شەوی رابردووی بەدیار تەلەفۆنەکەیەوە بەسەر بردووە تاوەکو هەواڵی شوێنی کەوتنی مووشەکەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەی وەربگرێت. ستۆرا گوتی: "ئەوە دۆخێکی یەکجار دراماتیکییە و کاریگەرییەکی زۆری هەبووە".
سەرۆکی ئۆکراینا دوای گەیشتنی بۆ ئۆسلۆ، راستەوخۆ لەگەڵ ئەندامانی حکومەتی نەرویج، لەناویاندا ستۆرا، جێنس ستۆڵتێنبێرگ، وەزیری دارایی و ئیسپێن بارت ئاید، وەزیری دەرەوە کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانیان پێداویستیی بەپەلەی ئۆکراینا بووە بۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی تاوەکو رێگری لە بۆردوومانەکانی رووسیا بکات.
سەرۆکوەزیرانی نەرویج لەبارەی ئەنجامی گفتوگۆکان گوتی: "هێشتا نەگەیشتووینەتە بڕیاری کۆتایی. پیشەسازییەکانمان پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن دەتوانرێت بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکراینا دابین بکرێت، یان رێگەیەک بدۆزرێتەوە کە خۆیان بتوانن ئەو سیستمانە بنیات بنێن."
ئەم هەوڵە بۆ لێدان لە فڕۆکەی سەرۆکی ئۆکراینا لە کاتێکدایە، رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە. نەرویج کە یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئۆکراینا لە باکووری ئەورووپا، پێشتر چەندین کاروانی هاوکاریی سەربازیی رەوانەی کیێڤ کردووە.


