رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکێکی نوێی هەڵبژارد، کە بەڵێنی "گەڕاندنەوەی متمانە" بۆ رێکخراوەکە دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا هیی دەوڵەتان نییە.
رۆژی سێشەممە، پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی درا بە خەلیلور رەحمان، وەزیری دەرەوەی بەنگلادش.
خەلیلور رەحمان، سەرۆکی نوێی کۆمەڵەی گشتی، رایگەیاند، "بەڵێنی من بۆ خولی 81 ئەوەیە بێ ماندووبوون کار بکەم بۆ زیندووکردنەوەی متمانە بەم دامەزراوەیە.
" دروشمی سەرۆکایەتییەکەی بریتییە لە: "گەڕاندنەوەی متمانە، بەڕێوەبردنی گۆڕانکاری، نەتەوە یەکگرتووەکانێک کە خزمەتی هەمووان بکات."
دوای سوێندخواردنی یاسایی، تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکەم میدیا پرسیاری لە سەرۆکی نوێ کرد و پرسیاری لەبارەی چارەنووسی گرووپە بێدەوڵەتەکانی وەک کورد و رۆهینگیا کرد، کە کورسییان لە رێکخراوەکەدا نییە.
لە وەڵامدا، خەلیلور رەحمان گوتی، "کاتێک دامەزرێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیماننامەکەیان پەسەند کرد، گوتیان: 'گەلانی نەتەوە یەکگرتووەکان.' نەیانگوت 'گەلانی ئەم وڵات یان ئەو وڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان.' هەموو خەڵک دەگرێتەوە."
ناوبراو ئاماژەی بە ئەزموونی خۆی لەگەڵ پرسی رۆهینگیاکان کرد و گوتی، "دەنگی ئەوانمان بەرزکردەوە. هەر کە دەستبەکار دەبم، لەسەر ئەمە بەردەوام دەبم."
نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەست کورتهێنانی بودجەوە دەناڵێنێت و ئەمریکا بە تەنیا زیاتر لە چوار ملیار و نیو دۆلاری رێکخراوەکە قەرزدارە. لە کاتێکدا کۆمەڵەی گشتی دەسەڵاتێکی سنوورداری هەیە و زۆربەی دەسەڵاتەکان لە دەستی ئەنجوومەنی ئاسایشدان.


.jpg&w=3840&q=75)